سەعدی پیرە: لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام لەگەڵ پارتی کۆدەبینەوە

K24 – هەولێر:
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، سبەی سێشەممە لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و چەند پرسێکی دیکەی گرنگ دەکەن.
رۆژی دووشەممە (6ـی تشرینی دووەمی 2023) سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند سبەینێ پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە.
سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەدەچێت و لەسەر ئاستی باڵای هەردوو حزب کۆدەبنەوە.
لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، گوتەبێژی یەکێتی باسی لەوەشکرد، ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتییەوە هەیە، هەروەها پرسی هەڵبژاردن و دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و کێشە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی و فیدراڵی لە کۆبوونەوەکەی سبەی گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
پێشتر کوردستان24 لە سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتییەوە بڵاویکردەوە، سبەی سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی شاندەکەی پارتی دەکەن و، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندی ئەو حزبە دەکەن.
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە (30ـی تەممووزی 2023) لە سلێمانی ئەنجامدرا و واشبڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەدا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندییە دووقوڵییەکانی هەردوولا تاوتوێ بکرێن.