لە تورکمانستان لە رۆژێکدا نزیکەی نیو ملیۆن نەمام چێندرا

K24 – هەولێر:
رۆژنامەیەکی حکومی تورکمانستان، رایگەیاند، کە لە رۆژێکدا نزیکەی نیو ملیۆن نەمام چێندراوە بۆ گۆڕینی ئەم کۆمارە بیابانییەی کە دەکەوێتە ئاسیای ناوەڕاست بۆ باخچەیەکی پڕ لە گوڵ، سەرەڕای کەمیی ئاو کە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە دانیان پێداناوە.
ئەمڕۆ دووشەممە (6ـی تشرینی دووەمی 2023) رۆژنامەی حکومی "تورکمانستانی بێلایەن"، بڵاویکردەوە، لەم رۆژەی پاییزدا وڵات وزەکانی خۆی بۆ هەڵمەتێکی نەمام چاندن کۆکردەوە و 472 هەزار و 71 نەمامی سنۆبەر و میوە چێندران.
رۆژنامەکە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەم رێکارانە بۆ سەوزکردنی وڵات، کە بەزۆری لە وەرزی بەهار و پایزدا روودەدەن، "ئاستی بەرزی رۆشنبیری ژینگەیی لە کۆمەڵگەدا نیشاندەدەن و خەونی بەنرخی گەلی تورکمان زیندوو دەکەنەوە لە گۆڕینی خاکەکەیان بۆ باخچەی گوڵ".
رۆژنامەکە لەگەڵ دەقەکەدا وێنەی سەردار بەردیموحەمەدۆڤ، سەرۆکی تورکمانستانی بڵاوکردبووەوە کە جلی وەرزشی سپی و سەوزی لەبەردابوو، کە وشەی "تورکمانستان"ـی لەسەر بووە، هەروەها گالیسکەیەک خۆڵیشی لەلا بووە.
ئەو وڵاتە پێشتر رایگەیاندووە کە لە ساڵانی رابردوودا 145 ملیۆن نەمامیان چاندووە.
دەسەڵاتی حوکمڕانی وڵاتەکە گەیشتووەتە بارودۆخی ناچاری و راگەیاندووە، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە ئاسیای ناوەڕاست، هەست بە لێکەوتەکانی دەکرێت.
لە ئێستادا ئاوێکی کەم لەم کۆمارە سۆڤیەتییە کۆنەدا هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەوڵەمەندە بە سامانە سروشتییەکان، هەروەها هاوسنوورە لەگەڵ دەریای قەزوین و بیابانی قەرەقووم.
بەردیموحەمەدۆڤ، سەرۆککۆماری تورکمانستان لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا رایگەیاندبوو، "ئێمە بەنیازین سیستەمی دابینکردن و دابەشکردنی ئاوی وڵاتەکەمان مۆدێرن بکەین و گرنگی بە هاوبەشییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بدەین لەم بوارە گرنگەدا".