حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ساڵی داهاتوو سەرژمێری ئەنجامدەدەن

ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق
ئاڵای هەرێمی کوردستان و عێراق

K24-هەولێر:

وەزارەتی پلاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی عێراقی فیدراڵ کاری هاوبەش دەکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق بۆ ساڵی داهاتوو بە سەرکەوتوویی بەڕێوەببەن.

ڕۆژی دووشەممە(6ـی تشرینی دووەمی 2023) سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئامار و  بریکاری وەزارەتی پلاندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، "وەزارەتی پلاندانی فیدراڵی وۆرک شۆپێکی بۆ رۆڵی راگەیاندن و میدیا لە ناساندنی سەرژمێری گشیی دانیشتوان ڕێکخستووە، ئەو وۆرک شۆپە لە هەردوو وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی ئامانجەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان روونبکرێتەوە بۆ هەردوولا کە بڕیارە ساڵی داهاتوو بە پێی ئەو پلانەی بۆی داندراوە بەڕێوەببرێت".

سەرۆکی دەستەی ئامار و  بریکاری وەزارەتی پلاندانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەو وۆرک شۆپە بۆ کۆکردنەوەی تەواوی کەناڵە ئاسمانییەکانە لەپێناو گەیاندنی پەیامی راستەقینەی سەرژمێری و دەرەنجامەکانی بۆ جەماوەرە،

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، دەزگا میدیاییەکان رێگری گەیشتنن بە لایەنە فەرمییەکان، نافەرمییەکان و جەماوەر، بۆیە  بە گرنگی زانی ئەو ئامانجانەی لە سەرژمێری گشتی  و دەرەنجامەکانی هەیە بە وێنەیەکی روون بگات.

سیروان محەممەد، پێداگری کرد لە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لەو وادەی دیاریکراوی خۆیدا، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی پلاندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی سەرەکی وەزارەتی پلاندانی عێراقە بۆ ئامادەکردنی کاروبارە پێویستییەکانی سەرژمێری بۆ ئەوەی بە سەرکەوتوویی لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

پێشتریش سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، دووایین هەوڵ بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان لە عێراق ساڵی 2009 بوو، بەڵام بەهۆکاری سیاسی رێگری کرا لە جێبەجیکردنی، دوو لایەن هەبوون لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکووک کە ویستیان ئەو دوو پارێزگایە سەرژمێری تێدا نەکرێت، بۆ ئەوەی قەبارەی کورد لەو دوو پارێزگایە دەرنەکەوێت، هەروەها ئەگەر ژمارەی کورد لەو دوو پارێزگایە ئاشکرا بکرێت لە رووی سیاسییەوە کاریگەری دەبێت لەسەر ئەو قسانەی بەرپرسە عەرەبەکان کە دەیانگوت ئێمە زۆرینەین لەو پارێزگایانە.

ئاماژەی بەوەشدابوو، لە عێراق دوواییین جار کە سەرژمێری کرا ساڵی 1997 بوو، هەروەها سەرژمێریکردن بریتیە لە، ژماردنی تەواوی دانیشتووانی وڵات و بە ئاوارە و بیانییەکانیشەوە کە لەو وڵاتەدا نیشتەجێنە، هاوکات لە سەرژمێرکردنەکە وردەکاری تەواو لەسەر دانیشتوان دەرخرێتەروو و رەوشی ئابووریشیان تێدا باس دەکرێت.

ئامادەکردنی: کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment