مالیزیا: دان بە سزا سەپێنراوەکانی ئەمەریکا نانێین

K24- هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە، مالیزیا رایگەیاند، دان بە سزا تاکلایەنەکان نانێت، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ رەشنووسی یاسای ئەمەریکا کە سزای بەسەر لایەنگرانی گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین دا سەپاندووە.
ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا رایگەیاند، رەشنووسی یاسای پێشنیارکراو، کاریگەری لەسەر مالیزیا نابێت، مەگەر بسەلمێنرێت کە پاڵپشتی ماددی "حەماس" "یان جیهادی ئیسلامی" دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد: هەر سزایەکی سەر مالیزیا دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەڵسەنگاندنی حکومەت بەرامبەر بە کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی مالیزیا هەبێت، هەروەها دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە مالیزیا دەخاتە مەترسییەوە.
ئیبراهیم گوتیشی: حکومەت بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی پێشهاتەکان سەبارەت بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە، کە ئامانجی بڕینی بودجەی نێودەوڵەتییە بۆ حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکە.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا دوو خولی سزای بەسەر بەرپرسانی سەرەکی و تۆڕە داراییەکانی پەیوەست بە بزووتنەوەی حەماسەوە سەپاند، ئەمەش لە دوای هێرشەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل هات.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئەنوەر ئیبراهیم ئاشکرای کرد کە ئەمەریکا لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە فشار دەخاتە سەر مالیزیا بۆ ئەوەی حەماس وەک گرووپێکی تیرۆریستی بناسێت، بەڵام جەختی لەوە کردەوە، کە حکومەتەکەی ملکەچی هیچ جۆرە زۆرەملێیەک نابێت.
مالیزیا هەمیشە لایەنگری سەرسەختی دۆزی فەڵەستین بووە، هەروەها بۆ چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان داوای دامەزراندنی دوو وڵاتی بۆ هەردوولا کردووە.
ئیبراهیم وێرانکارییەکانی کەرتی غەززەی لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا، بە رووداوی وێرانکردنی شاری هێرۆشیما چواند، کە لەساڵی 1945 ئەمەریکا بە بۆمبی ئەتۆمی شارەکەی بۆردوومان کرد، کە بووە هۆی کوژرانی 140 هەزار کەس.