شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردن سەردانی بەغدا دەکات

K24 - هەولێر
سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، شاندێکی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردن دەچێتە بەغدا، بەمەبەستی خۆ ئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.
عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 دا رایگەیاند، شاندێکی هەرێمی کوردستان پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردن دەچێتە بەغدا، بەمەبەستی خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان.
گوتیشی: "کۆمەڵێک رێکاری کارگێری و دارایی هەیە بۆ خۆئامادەکردن لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئەوەی کە پێویست بووە کردوویەتی، هەروەها هەماهەنگی کردووە لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەم دانیشتنانەش بەردەوام دەبێت".
عەبدولحەکیم خەسرۆ ئاماژەی بەوەشکرد، لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە چاکسازییە، گشت خاڵەکان و بەرنامەی حکومەت کاری لەسەر کراوە، یەکێک لە خاڵەکان، چارەسەرکردنی پرسی رۆتینە، کە ئێستا لە وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی، بابەتی یەک پەنجەرەیی و چارەسەرکردنی رۆتین، کە بەشێکە لەو چاکسازییەی حکومەت.
دەشڵێت: "پرۆسەی هەژماری من و بە دیجیتاڵکردنی حکومەت بەشێکە لەکارنامەی حکومەت، کە هاووڵاتییان بتوانن بە کەمترین کات و کەمترین تێچوو خزمەتگوزارییەکانییان بەدەست بگات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشکەشیان دەکات.