دۆناڵد ترەمپ زانیارییەکی سەرنجڕاکێش لەبارەی هێرشەکانی ئێران ئاشکرا دەکات

K24 – هەولێر:
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکات، ئەو کاتەی سەرۆکی ئەمەریکا بووە، ئێرانییەکان پەیوەندیان پێوە کردووە و ئاگاداریان کردووەتەوە لەوەی مووشەک ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، بەڵام نایانپێکن.
رۆژی سێشەممە (7ـی تشرینی دووەمی 2023) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بۆ یەکەمجار چەند نهێنیەکی دەربارەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرا کرد و رایگەیاند، "کاتێک سەرۆکی ئەمەریکا بووم، ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوەکردووم و ئاگاداریان کردوومەتەوە لەوەی مووشەک ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، بەڵام هیچ یەکێک لە بنکەکان ناکانە ئامانج".
لە بەشێکی دیکەی ئاشکراکردنی نهێنییەکان، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد، "من تاکە کەس بووم سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەران نەبووم، چونکە دەمزانی مووشەکەکانی ئێران بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە ئامانج ناگرن".
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوەشکرد، ئێرانییەکان پەیوەندییان پێوەکردووە و پێیان گوتووە پێویستە هێرش بکەنە سەرمان چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەیان نییە و گووتیان: "ئێمەش ئابڕوومان هەیە".
ترەمپ گوتیشی: "من لە ئێرانییەکان تێدەگەیشتم، ئێمە هێرشمان کردبووە سەریان و ئەوانیش دەبوو شتێک بکەن، بۆیە گوتیان: 18 مووشەک ئاراستەی یەکێک لە بنکەکانتان دەکەین".
ترەمپ بەبیر خەڵکی دێنێتەوە و دەڵێت: "ئەو شەوەتان لەبیرە؟ مەبەستی ئەو شەوەی ئێران 18 مووشەکی ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکا کرد".
سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا وەک شانازییەک بۆخۆی گووتی: "ئەو شەوە تاکە کەس بووم نیگەران نەبووم، چونکە دەمزانی چی روودەدات، ئێرانییەکان گوتبوویان بە 18 مووشەک هێرش دەکەینە سەر یەکێک لە بنکەکانتان، بەڵام مووشەکەکانمان بنکەکانتان بە ئامانج ناگرێت، چونکە مووشەکەکانیان خاوەنی ووردیەکی زۆرن و پشت پێبەستراون".
ئەمەش دوای ئەوە هات، رۆژی هەینی (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) پات ڕایدەر گووتەبێژی پنتاگۆن لەسەر هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر بنکە و هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەڕاست رایگەیاند: نامانەوێت لەگەڵ ئێران بچینە نێو ململانێ، هیواشی خواست هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق و سوریا بووەستێندرێت.
هەروەها رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023)، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بەسەردانێکی کتوپڕ و پێشوەختە گەیشتە عێراق و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەوە، هۆشداری دایە ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران کە چیتر هێرشکردنە سەر بنکە سەربازییەکانیان قبوڵ ناکەن و هەموو کارێک دەکەن بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی خۆیان.