حیزبوڵڵا 1500 چەکداری لە سووریاوە گواستووەتەوە سنوورەکانی ئیسرائیل

K24 - هەولێر
لە 7ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، حیزبوڵڵای لوبنانی هەزار و 500 چەکداری لە سووریا کشاندووەتەوە و رەوانەی سنوورەکانی ئیسرائیلی کردوون.
میدیاکانی لوبنان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە دەستپێکی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، لە رێکەوتی 07ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ تاوەکو ئێستا، حزبوڵڵای لوبنانی زیاتر لە هەزار و 500 چەکداری لەناو خاکی سووریا کشاندووەتەوە و رەوانەی باشووری لوبنانی کردوون، لە نزیک سنوورەکانی ئیسرائیل.
میدیاکانی لوبنان باسیان لەوەش کردووە، ئەو چەکدارانەی حیزبوڵڵا لە سووریا پاشکەشەی پێکردوون شانبەشانی سوپای سووریا لە هەریەکە لەسنووری پارێزگاکانی ئیدلب، حیمس و حەلەب شەڕیان کردووە.
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی لوبنان، گرووپەکانی نزیک لە ئێران وەک لیوای فاتمیون و باقر؛ شوێنی چەکدارەکانی حیزبوڵڵا لە سووریا دەگرنەوە.
بەرپرسانی ئیسرائیل حزبوڵڵای لوبنانی بە یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی حەماس دەزانن کە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر هێرشی کردە سەر ناوچەکانی نزیک لە سنووری كەرتی غەززە لە ئیسرائیل و هەزار و 400 کەسی کوشت.
زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون. ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە چوار هەفتەیە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 9 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکەش بریندارن.