پارتی کار بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین دەنگ لە شنگال دەکات

K24 – دهۆک
پارتی دیموکراتی کوردستان، دەیەوێت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، زۆرترین دەنگ لە شنگال بە دەست بهێنێت، کاندیدێکی پارتی لە سنووری شنگال دەڵێت: دەمانەوێت لە داهاتوودا لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا خزمەت بە هەموو چین و توێژەکانی شنگال و دەوروبەری بکەین.
خەلیل شنگالی، یەکێکە لە کەسایەتییەکانی شنگال بە دەڵێت: "ئەو لایەنەی ئێمە دەنگی پێدەدەین متمانەمان پێیە کە لە ئەنجومەنی پارێزگا بەرگری لە مافەکانمان دەکات".
جەمیل سفۆک، کاندید پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بە کوردستان24ی گوت: "ئامانجمان ئەوەیە خزمەتی هەموو دانیشتووانی شنگال و دەوروبەری بکەین، چونکە ناوچەکە وێرانە و پێویستی بە خزمەتگوزارییە و خزمەتکردنی خەڵکە".
گوتیشی: "لە ماوەی رابردوودا ماڵوێرانی زۆر بەسەر خەڵکی ئێمەدا هێنراوە، دەمانەوێت لە داهاتوودا لە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا خزمەتی خەڵک بکەین".
پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان 52 کاندیدی هەن، لەو ژمارەیەش 22یان لە سنووری لقی شنگالن، کە دەیەوێت زۆرینەی دەنگەکانی ئەو سنوورە بە دەست بهێنێت.
بڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 23 ملیۆن كهس مافی دهنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی دهنگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.