پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە: 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون وێران بوونە

کەرتی غەززە، وێنە :AP
کەرتی غەززە، وێنە :AP

K24 – غەززە:

ئیسرائیل لە رێگەی ئاسمانی، وشکانی و دەرییاوە بە چڕی کەرتی غەززە بۆردومان دەکات، پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە ئاماژەی بەوەدا، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە غەززە وێران بوونە.

بەها توباسی، پەیامنێری کوردستان24 لە غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی سوپای ئیسرائیل بۆسەر گەڕەکێکی کەرتی غەززە نزیکەی حەوت خانوو بەسەر دانیشتووانەکانیاندا رووخێندران و نزیکەی 35 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.

رۆژی هەینی (10ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە کەرتی غەززە بۆ 11 هەزار و 78 کەس بەرزبووەتەوە.

تەندروستیی غەززە ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ژمارەیەدا چوار هەزار و 506 منداڵ لەخۆدەگرێت کە لە ئەنجامی هێشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەی ئاماری بریندارانیش، تەندروستی غەززە رایگەیاندووە، 27 هەزار و 490 کەسی دیکەش لە ئەنجامی هێرشەکان لە کەرتی غەززە برینداربوون.

هاوکات تەندروستی غەززە ئاشکرایکردووە، 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەدا، گەڕەکەکانی غەززە پێشتر پڕ لە جموجۆڵ بوون و خەڵکێكی زۆر تێیدا دەژیان، بەڵام لە ئێستا بوونەتە شوێنی تارمایی و تەرمی کوژراوان.

گوتیشی: بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە 200 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لەو کەرتە وێران بوونە.

بەها توباسی لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، کاتێک هێرش دەکرێتە سەر ناوچەیەک ئەمبوڵانسەکان بەخێرایی روو لە ناوچەکە دەکەن بە ئومێدی ئەوەی بتوانن برینداران رزگاربکەن و لەژێر باڵەخانە و خانووە رووخاوەکاندا دەریانبهێنن، بەڵام هێرشەکان بە رادەیەک مەترسیداران زۆر بە ئەستەم هاووڵاتییان رزگاریان دەبێت لێی.

پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: ئیسرائیل لە رێگەی ئاسمانی، وشکانی و دەرییاوە بە چڕی کەرتی غەززە بۆردومان دەکات، لە زۆرینەی ئەو هێرشانەشدا خەڵکێکی زۆری مەدەنی و یەکەی نیشتەجێبوون بە ئامانج دەگیرێن.

جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 35 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، نزیکەی لە 1500 ئیسرائیلی کوژراون کە زیاتر لە 350 کەسیان سەربازی سوپان و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراون.

دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.