د. سامیە جەلال: پشکنینی پێشوەختە بۆ ئافرەتان رێگری لە تەشەنەکردنی شێرپەنجە دەکات

K24 – هەولێر:
پسپۆڕێکی تایبەتمەندی نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک، رایدەگەیەنێت، هەڵکشانی تەمەن لە ئافرەتدا هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک، هەروەها %15ـی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بەهۆی بۆماوەییە. هاوکات گوتیش: گرنگە ئافرەتان پشکنینی ساڵانە ئەنجامبدەن.
د. سامیە جەلال، پسپۆڕی تایبەتمەندی نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، پەیامێکی زۆر گرنگمان هەبوو ئەمڕۆ هەروەکو لە دروشمەکانمان ئاماژەمان پێدابوو و لەهەموو شوێنەکانیش نووسیبوومان تووشبوانی شێرپەنجە بە تەنیا نین و ئێمە بەیەکەوە بەرەنگاری شێرپەنجەی مەمک دەبینەوە، گرنترین پەیام ئەمڕۆ ویستمان بیگەیەنە خەڵک ئەویش پشکنینی خودیی بۆ ئافرەتان کە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بتوانرێت شێرپەنجەی مەمک دەست نیشانبکرێت لە قۆناغێکی زۆر سەرەتاییدا، بۆ ئەوەی نەخۆشەکە گرێنتی ئەوەی بدرێتێ کە لە 100% چاکدەبێتەوە.
ئەو پسپۆڕە تایبەتمەندەی نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک، داواکارە لە ئافرەتان پشکنینی پێشوەختە بکەن بۆ ئەوەی نەگەنە ئەو قۆناغەی کە هەست بە بوونی گرێیەک بکەن لە مەمکیاندا. هەروەها ئاماژەی بەوەدا، پشکنیینی پێشوەختە بۆ ئەوەیە کە ئافرەتەکە نەخۆشیەکە ببینێتەوە پێش ئەوەی خۆی هەستی پێبکات و تەشەنە بکات، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی پشکنینی کلینیکی لەلایەن پزیشکان، یاخود ئەنجامدانی تیشکی مەمۆگرام، یانیش سۆنار.
ناوبراو دەڵێت: زۆر گرنگە ئافرەت پێش ئەوەی تەمەنی بگاتە 40 ساڵ پشکنینی خودیی ئەنجامبدات، ئەویش لە رێگەی سۆنار، بەڵام ئەو ئافرەتانەی کە تەمەنی 40 ساڵیان تێپەڕ کردووە دەکرێت پشکنین لە رێگەی تیشکی مەمۆگرام ساڵانە جارێک ئەنجامبدەن تا دەگەنە تەمەنی 50 ساڵی، لە دوای تەمەنی 50 ساڵیش دەکرێت دوو ساڵ جارێک پشکنینی تیشکی مەمۆگرام ئەنجامبدەن، ئەمەش بۆ ئەو ئافرەتەنایە کە شێرپەنجەی مەمک لە بۆ ماوەییانەوە نییە.
د. سامیە جەلال، گوتیشی: ئەو ئافرەتانەی کە لە خێزانێک هاتوون کەوا شێرپەنجەی مەمک لەناو خێزانەکەیان باوە، بە نموونە خوشکێکیان یان دایکیان ئەو نەخۆشییەی هەبووە، ئەوکات دەبێت پڕۆگرامێکی تایبەتیان بۆ دابنرێت ئەویش پشکنین لە رێگەی تیشکی رەنین هەروەها لەگەڵ تیشکی مەمۆگرافی لەگەڵیدا تێکەڵ دەکرێت.
ئەو پسپۆڕە تایبەتمەندەی نەشتەرگەری شێرپەنجەی مەمک، باسی لە هۆکارەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمکی کرد و ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە هۆکارە یارمەتیدەرەکان بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تەمەنە، بەواتەی ئەوەی چەندی تەمەنی ئافرەتەکە روو لە هەڵکشان بێت ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی مەمک زیاتر دەبێت، تەمەنی سەروو 50 ساڵی زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەو نەخۆشییە هەیە. ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە تا ئێستا هیچ هۆکارێکی 100% نییە بۆ تووشبوون بەو نەخۆشیە و، تەنیا 15%ـی هۆکارەکانی تووشبوون بۆ ماوەییە، هەروەها هەندێک فاکتەر هەنە یارمەتیدەرن بۆ تووشبوون بەو نەخۆشییە بۆ نموونە ئەو ئافرەتانەی کە سوڕی مانگانەیەن وەستاوە، کە دەرمانی هۆڕمۆن لە رێگەی حەب وەردەگرن.
زیاتر باسی فاکتەرەکانی کرد و گوتی: ئەو ئافرەتانەی کە دەچنە ناو تەمەنەوە و منداڵی یەکەمیان دەبێت ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجی مەمکیان هەیە، هەروەها دەبێت ئافرەتان هەوڵبدەن لە تەمەنێکی بچووکدا هەوڵبدەن منداڵی یەکەمیان ببێت، بە تایبەت پێش ئەوەی بگەنە تەمەنی 30 ساڵی، هەروەها قەڵەوی، خواردنەوە کحولییەکان و جگەرەکێشان فاکتەرێکی دیکەیە بۆ تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک.
سەرنجی خستە سەر ئەوەش، کە لە ئێستادا بە گوێرەی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەو ئافرەتانەی کە نەگەیشتوونەتە تەمەنی 40 ساڵی و تەمەنیان بچووکترە ئەوانیش تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، ئەوانیش دەبێت خۆیان بپارێزن و پشکنین بکەن، هەروەها گوتی: لە ئێستادا ئافەرتێک کە تەمەنی 18 ساڵە سەردانی کردین و پشکنینمان بۆ ئەنجامدا دەرچوو تووشبووی شێرپەنجەی مەمکە، تووشی شۆک بووین کە لەو تەمەنە تووشبووە، چونکە ئەوانەی لەم تەمەنە بە دەگمەن لە جیهان تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن.
د. سامیە جەلال، لەبارەی تووشبوونی پیاوان بە شێرپەنجەی مەمک گوتی: لە 1%ـی پیاوان تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، زۆربەی هۆکارەکانی تووشبوونیشیان دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری هۆڕمۆنی، بۆ نمونە کێشەی هۆڕمۆنی لە جەستەیدا هەبێت یاخود بۆماوەیی بێت، هەروەها کاتێک هەندێک دەرمان بۆ چارەسەری نەخۆشییەک وەردەگرن کە هەندێک جار وادەکات هۆڕمۆنی ئیسترۆجینیان بەرز بێتەوە کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە.