کوردستان24 بەڵگەی تەعریبکردن لە کەرکووک لەلایەن راکان جبوورییەوە بڵاودەکاتەوە

K24 – کەرکووک:
راکان جبووری، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک، نووسراوی گواستنەوەی بۆ پسوولەی خۆراکی چەندین خێزانی عەرەبی هاوردە کردووە بۆ کەرکووک. پارتی لە کەرکووک دەیەوێت نەخشەی ئیداریی شارەکە بگۆڕێت و کۆتایی بە تەعریبکردن بهێنێت، هەروەها بەشێکی زۆری حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی کەرکووکیش بەرنامە و کاری هەڵبژاردنیان کۆتایی هێنانە بە تەعریب.
گەڕەکێک لە شاری کەرکووک خەڵکی عەرەبی تێدا نیشتەجێکراوە و لەدوای 16ـی ئۆکتوبەرەوە دروستکراوە، دانیشتووانەکەشی عەرەبی پارێزگاکانی تکریت، دیالە و شارەکانی دیکەی عێراقن هێنراونەتە کەرکووک، خزمەتگوزارییان بۆ هێنراوە و پسوولەی خۆراک و کارتی نیشتەجێبوونیانیش بۆ دەرکراوە.
هاووڵاتیەکی عەرەبی دانیشتووی ئەو گەڕەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە ئەنبارەوە هاتووم و تەواوی بەڵگەنامەکانم گواستووەتەوە بۆ کەرکووک، ئێستا ناسنامەی باری شارستانیم بەناوی کەرکووکە و هەموو هاوکارییەک دەکرێم".
هەرچەندە ئامارێکی دروست لەبەردەست نییە بۆ ئەو تەعریبەی کە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە کراوە، بەڵام بەهەزاران کەس هێنراونەتە شارەکە و پسوولەی خۆراکیان بۆ گوازراوەتەوە، بەڵگەکان لای کوردستان24ـن.
پارتی بڕیاری بەشداریکردنی داوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەیەوێت نەخشەی ئیداری شارەکە بگۆڕێت و کۆتایی بە بەتەعریب بهێنێت.
حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "کەرکووک بۆ خەڵکە رەسەنەکەیەتی و بۆ هەموو نەتەوەکانە، بەڵام ناکرێت میوانێکی داوەتنەکراو لەم شارە ببێتە خاوەن ماڵ و خاوەن ماڵە رەسەنەکانیش تێیدا بێگانەبن".
بەشێکی زۆری حزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی کەرکووکیش بەرنامە و کاری هەڵبژاردنیان کۆتای هێنانە بەتەعریب.
لەلایەن خۆیەوە هەردی حوسێن، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئامانجی بەشداریکردنمان لەو هەڵبژاردنە ئەوەیە بتوانین هەموو مافە داگیرکراوەکانی کورد لەو شارە بگەڕێنینەوە و بتوانین پارێزگارێکی کورد بۆ شارەکە دیاریبکەین".
لەماوەی شەش ساڵی حوکمڕانی ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووکدا، چاوپۆشی لەدروستکردنی هەزاران خانووی زیادەرۆ لە باشووری کەرکووک کراوە، کە ئەمەش بازنەی تەعریبی لەشارەکە فراوانتر کردووە.
ئەوەی کە ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە کردوویەتی لەرووی تەعریبەوە رەنگە حزبی بەعس بەچەندین ساڵەی حوکمڕانی خۆی نەیتوانی بێت ئەنجامیبدات، بۆیە هەموو ئومێدەکان لەسەر ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنەن کە ئەگەر ئەنجامەکەی بەدڵی کورد بێت ئەوە نەخشەی ئیداری کەرکووک بگۆڕن.
دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکهاتووە، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.
لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیەدا، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.