یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان شەشەمین کۆنگرە دەبەستێت

K24 – هەولێر
ئەمڕۆ شەممە 11/11/2023، یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی لە هەولێر دەبەستێت.
نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، شەشەمین کۆنگرەی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان بە درووشمی "یەکڕیزی و یەکدەنگی و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان" بە بەشداری زیاتر لە 200 ئەندامی کۆنگرە دەستی بە کارەکانی کرد.
ئاماژەی بەوەشدا لە کۆنگرەکەدا 11 ئەندامی سەرکردایەتی و دوو ئەندامی یەدەگ، جگە لە سکرتێری گشتی هەڵدەبژێردرێن، رێژەی ئافرەتان لە سەدا 25 بۆ سەدا 30 زیادکراوە.
پەیامنێرمان راشیگەیاند، تەنیا غەفوور مەخمووری کاندیدە بۆ سکرتێری یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان.
غەفوور مەخمووری، سکرتێری پێشووی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان و ئەندامی کۆنگرە، بە کوردستان24ی گوت: "لە کاتێکدا کە ئێمە کۆنگرە دەبەستین کوردستان لە رەوشێکی هەستیاردایە، پێویستیمان بەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان هاوکار و پشتیوانی یەکتر بین، بۆ بتوانین لەو ئەگەر و پێشهاتانەی دێنە پێشەوە خۆمان بپارێزین و بە یەکدەنگی و هاوهەڵوێستی پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین کە چارەنووسی هەموو لایەکمانی پێوە بەندە، چونکە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و ئەخلاقی هەموو لایەنەکانی کوردستانە، لەم کاتەدا کۆنگرەی ئێمە بۆ ئەوەیە کە چۆن بەرنامەیەکی نوێ دابڕێژین، بۆ خۆ گونجاندن و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی کە دێنە پێشەوە".
غەفوور مەخمووری، راشیگەیاند: "کۆنگرەکەمان لەژێر درووشمی " یەکڕیزی و یەکدەنگی و پاراستنی دەستکەوتەکانی گەل و ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان"ـە، ئێمە بە یەکڕیزی و یەکدەنگی دەتوانین ببینە فاکتەرێکی بەهێز بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و بەرنامەڕێژی بکەین بۆ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان".
سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، غەفوور مەخمووری گوتی: "لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەشداری دەکەین، بە لیستی سەربەخۆ یان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانەی کە لەگەڵ ئێمە هاوهەڵوێستن".
گوتیشی: "یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان چ لە رابردوو چ لە ئێستاشدا لە سەنگەری بەرگریکردن لە خەڵکی کوردستان دابووە و دەمێنێتەوە".
لەبارەی خۆ کاندیدیکردنەوەی لەم کۆنگرەی حزبەکەی، غەفوور مەخمووری، رایگەیاند: "لە کۆنگرەی رابردووشدا داوامان لە هەڤاڵان کردن بوارم پێبدەن، چونکە پێویستم بە پشوودانە، بەڵام هەڤاڵان گوتیان لەگەڵمان بمێنەوە، نازانم لەم کۆنگرەیەدا بڕیاری ئەندامانی کۆنگرە چی دەبێت، کە من پشوو بدەم و هەڤاڵێکی دیکە وەک سکرتێر هەڵبژێردرێ، منیش هاوکاری دەبم".
یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی 1996 لەلایەن غەفوور مەخمووری لە باشووری کوردستان دامەزراوە و تائێستا پێنج کۆنگرەی بەستووە.