رەئیسی: ئەمەریکا بزووێنەری شەڕی غەززەیە

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران (وێنە: Jason DeCrow / AP)
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران (وێنە: Jason DeCrow / AP)

K24 - هەولێر

سەرۆککۆماری ئێران جارێکی دیکە لەبارەی شەڕی حەماس و ئیسرائیل پەنجەی تۆمەت ئاراستەی واشنتن دەکات و دەڵێت، "ئەمەریکا بزووێنەری شەڕی غەززەیە".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 11-11-2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران بەمەبەستی بەشداریکردن لە هەشتەمین کۆبوونەوەی نائاسایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەبارەی دۆخی غەززە و شەڕی حەماس و ئیسرائیل، گەیشتە سعوودیە.

سەردانەکەی رەئیسی، یەکەم سەردانی سەرۆککۆماری ئێرانە بۆ سعوودیە، لە دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تاران و ریاز لە ناوەڕاستی مانگی ئاداری ئەمساڵ.

سەرۆککۆماری ئێران پێش ئەوەی بەرەو سعوودیە بەڕێبکەوێت، بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، "ئەمەریکا بزوێنەری شەڕی غەززەیە" و، وەکو خۆی دەڵێت، "واشنتن رێگری لە راگەیاندنی ئاگربەست کرد و دواتر بازنەی شەڕ بەرفراوان بوو".

کۆتا سەردانی سەرۆککۆماری ئێران بۆ سعوودیە، بۆ ئابی ساڵی 2012 دەگەڕێتەوە؛ کاتێک مەحموود ئەحمەدی نەژاد، سەرۆککۆماری پێشووتری ئەو وڵاتە بەمەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی رێکخراوی هاوکاری ئیسلامی، سەردانی ریازی کرد.

بێجگە لە سەرۆککۆماری ئێران، هەر یەکە لە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین؛ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا و چەندین سەرۆک و بەرپرسی دیکەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەشداری لە لوتکەکەدا دەکەن.

لە لوتکەکەدا نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و ئێسلامی دۆخی ئێستای غەززە، شەڕی حەماس و ئیسرائیل، راگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان بۆ هاووڵاتییانی غەززە تاوتوێ دەکەن. هەرچەندە وەکو ئەوەی پێنتاگۆن ئاماژەی پێ داوە، ئیسرائیل رازی بووە رۆژانە بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر شەڕ رابگرێت بەمەبەستی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ خەڵکی سڤیل، بەڵام وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی داوای ئاگربەستی گشتگیر و یەکجارەکی دەکەن.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 28 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.