ئیسرائیل ژمارەی کوژراوانی وڵاتەکەی راگەیاند

K24 - هەولێر

ئیسرائیل ژمارەی کوژراوانی وڵاتەکەی لە ئەنجامی هێرشەکەی حەماس کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا، لە هەزار و 400 کەسەوە بۆ هەزار و 200 کەس کەمکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە هێشتا ناسنامەی هەندێک لە تەرمەکان دیار نییە.

رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" لە زاری لیۆر حەیات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلەوە بڵاویکردەوە، ئەو ژمارەیە تەرمی بەشێک لە کرێکارانی بیانی و نەتەوەکانی دیکەی بیانی لەخۆدەگرێت.

بە گوتەی لیۆر، دەسەڵاتداران ژمارەکەیان نوێ کردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرێک لەو تەرمانەی پێشتر نەناسراون، سەر بەو ئەندامانەن کە بەشدارییان لە هێرشەکەی حەماسدا کردووە و قوربانی ئیسرائیل نین.

ئاماژەی بەوەشکرد، خەمڵاندنەکەی ئێستا ژمارەی کۆتایی نییە، چونکە هێشتا بەشێک لە تەرمەکان نەناسراون.

لە بەرەبەیانی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە بەگوتەی ئەو وڵاتە ژمارەی کوژراوانی گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس، هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 400 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 11 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 27 هەزار کەسی دیکە.