عەلی تەتەر: هێشتا عەقڵێکی شۆڤینی لهبهغدا ماوه نایەوێ کوردستان پێشبکەوێ
K24 – هەولێر:
پارێزگاری دهۆك دهڵێت: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دەیان جار دووپاتیکردووهتەوە، كه بێ جیاوازی خزمەتی هەموو پارێزگا، شار و شارۆچکەکانی ههرێمی کوردستان بکرێت". گوتیشی: "هێشتا عەقڵێکی شۆڤینی لهبهغدا ماوە، نایەوێ کوردستان پێشبکەوێ".
لهمیانهی بهشداریكردنی له بهرنامهی بۆ ههمووانی كوردستان24، كه رۆژنامهنووس سههێن موفتی پێشكهشی دهكات، دكتۆر عهلی تهتهر پارێزگاری دهۆك رایگهیاند، "لهگهڵ پارێزگارهكانی كوردستان باشترین پەیوەندیمان هەیە، بە شێوەیەک لە بەرامبەر هەڵوێستێکی عێراق لە بەغدا بۆ پەراوێزخستنی پارێزگای هەڵەبجە، ئێمە بەیەکەوە هەڵوێستمان نواند و دووجار بەشداری چالاكییهكی بەغدامان نەکرد".
گوتیشی: "هەر چوار پارێزگا خۆمان بە تەواوکەری یەکتر دەزانین، هەڵوێستەکانمان لە بەغدا یەکە، رۆژانە بە تەلەفۆن و نامە ئاگامان لە یەکترە، بۆ کاروبار و چالاکییەکان و هەماهەنگی لەگەڵ یەکتر دەکەین، هیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا نییە و کوردستان یەک پارچەیە لە خانەقین تا پێشابوور و شنگال".
دكتۆرعەلی تەتەر زیاتر گوتی: "بەڕای ئێمە سەرکەوتنی هەڵەبجە سەرکەوتنی هەموومانە، لەهەر شارێک سەرکەوتنێک هەبێت، سەرکەوتنی هەمووانە".
ئاماژەی بە سەردهمی پهتای کۆرۆنا کرد، کە هەماهەنگی زۆر بەهێز لەنێوانیاندا هەبوو و گوتی: "ئێستاش هەمان هەماهەنگی لەنێوانماندا ههیه".
لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە شارەکان، پارێزگاری دهۆك گوتی: "خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەیانجار دووپاتیکردووهتەوە، كه بێ جیاوازی خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکرێت، ئەجێندای حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نۆیەم بهمشێوهیه، كه هەر کارێک بزانین بۆ پارێزگای هەڵەبجە و بۆ هەر پارێزگایەکی دیکەی ههرێمی كوردستان پێمان دەکرێت، دەکەین.
لەبارەی پاڵپشتی وەبەرهێنەران بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە شارەکان، پارێزگاری دهۆک پێیوابوو، دەمێنێتەوە سەر وەبەرهێنەرەکە خۆی، کە دەیەوێ لە کوێ وەبەرهێنان بکات، دكتۆر عهلی تهتهر گوتی: "ناکرێ ئێمە وەبەرهێن ئاراستە بکەین، کە بچن لە کوێ وەبەرهێنان بکەن، لەگەڵ ئەوەش ئەگەر بزانین وەبەرهێنەرێک لە هەڵەبجە دێتە دهۆک، یاخود وەبەرهێنەرێکی سلێمانی دێتە دهۆک، دەرگامان بۆیان کراوەیە، ئەگەر بزانین وەبەرهێنەرێکی دهۆک دەیەوێ بچێتە پارێزگایەکی دیکە وەبەرهێنان بکات، بۆ ئێمە جێی شانازییە".
باسی لهوهشكرد، له ئێستادا چەندین کۆمپانیای دهۆک لە سنووری هەولێر وەبەرهێنان دەکەن و کاری پرۆژەی خزماتگوزاری دەکەن.
لەبارەی هاندانی وەبەرهێنەران بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنممان لە دهۆک دا به کۆمپانیای قەیوان لە سلێمانی و کۆماپانیای خۆشناو لە هەولێر، دەمانەوێ ئەو بەربەستە بشکێنین کۆمپانیاکان تەنیا لە شارەکانی خۆیان کار بکەن، ئێمە پاڵپشت و هاوکاری وەبەرهێنەران دەکەین بچنە شارەکانی دیکەش.
لەبارەی تێڕوانینی بەشێک لە عێراقییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان و پێشکەوتنەکانی، دكتۆرعەلی تەتەر گوتی: "ئەوە زەحمەتە ئەوانە تێبگەیەنین کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان دەبێتە مایەی پێشکەوتنی هەموو عێراق بە گشتی، لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان هیچ پەیوەندی بە داهاتی عێراقەوە نەبووە، ئەوە شتێکە لە عەقڵی خۆیان هەڵیان گرتووە و نایگۆڕن، لە سەردەمی پادشایهتییهوه تا دەگاتە حوکمە یەک لەدوای یەکەکان تا 2003، چاوەڕێمان دەکرد گۆڕانکارییەک لە عەقلی عەرەبی و عێراقی دروست بێت، بەڵام نەبوو".
ئهوهشی خستهڕوو، خراپترین سهردهم ئەو کاتە بوو، کە هەرێمی کوردستان دووچاری شەڕی داعش بوو، لهلایهن بهغداوه فیشەکێک بۆ هەرێمی کوردستان رهوانه نهكرا، بۆیە چاوەڕێی هیچ لەوان ناکەین، کە هەوڵی پێشوەبردنی عێراق بدەن.