وەزیری بەرگری ئیسرائیل: بەیروت ده‌كه‌ین به‌ غه‌ززه‌ی دووه‌م

K24 - هەولێر:

وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداری دەداتە حزبوڵڵای لوبنانی و پێی وایە بەیروت دەکەن بە غەززەی دووەم.

ئه‌مڕۆ شەممە (11ـی تشرینی دووەمی 2023)، یواف گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاند،  حزبوڵڵا لە هەڵەیەکی گەورە نزیك دەبێتەوە. هەڕەشەی ئەوەشی کرد کە ئه‌گه‌ر حزبوڵڵا هێرشبكات، بەیروت دەکه‌ین بە غەززەی دووەم.

ئەو گوتانەی یواف گالانت لە چوارچێوەی بەسەرکردنەوەی سوپای ئیسرائیل بوو لە بەرەی باکوور لە سنووری لوبنان، کە سەربازەکانی فیرقەی 91ـی سوپای ئیسرائیلی لێجێگیر کراون.

له‌ به‌شێكی قسه‌كانی گالانتدا هاتووه‌: لێرەوە بە هاووڵاتییانی لوبنان دەڵێم، من هاووڵاتییانی غەززە دەبینم ئاڵای سپیان بەرزکردۆتەوە و بەرەو باشوور دەڕۆن، حزبوڵڵا لوبنان بەرەو شەڕێک دەبات. گوتیشی: حزبوڵڵا هەڵەیەکی گەورە دەکات، لەو هەڵە گه‌ورەش تەنها هاووڵاتییانی لوبنان باجەکەی دەدەن، ئەوەی لە غەززە کردمان، دەتوانین لە بەیروت دووبارەی بکەینەوە.

بەرەبەیانی رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، بەگوتەی ئیسرائیل ژمارەی کوژراوانی گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار و 400 کەس، هەروەها زیاتر لە پێنج هەزار و 400 کەسی دیکەش برینداربوون.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 11 هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە 27 هەزار کەسی دیکە.

کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment