یەکێتی ئەوروپا داوای لێکۆڵینەوە لە کۆمەڵکوژی هاووڵاتییانی سڤیل لە 'بۆرکینا فاسۆ' دەکات

K24 – هەولێر:
یەکێتی ئەوروپا داوای لە وڵاتی بۆرکینا فاسۆ کرد کە لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژییە بکات کە لەو وڵاتە روویداوە و کە پێدەچێت نزیکەی 100 کەس تێیدا کوژرابن.
ئەمڕۆ یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاندووە، "پێدەچێت چەند رۆژێک لەمەوبەر نزیکەی 100 هاووڵاتی سڤیل لە گوندی زەنگۆگۆ لە ناوەڕاستی رۆژهەڵاتی بورکینا فاسۆ کوژرابن کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون.
یەکێتی ئەوروپا داوای لە "دەسەڵاتدارانی کاتی ئەو وڵاتە کرد کە رۆشنایی بخەنە سەر ئەو بارودۆخەی کە بەسەر ئەو وڵاتە هاتووە بۆ سەپاندنی دادپەروەری".
هاوکات گۆڤاری "جۆن ئەفریکی" کە گرنگی بە ئەفریقا دەدات، رایگەیاندووە، کوشتنی بەکۆمەڵ لە 6ـی ئەم مانگە لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە ئەنجامدراوە. هەروەها لە پۆستەکانی سۆشیال میدیا وێنەی تەرمی ژن و منداڵەکان دەرکەوتووە، کە دەوترێت دانیشتووی گوندی زەنگۆگۆن.
یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "ئەستەمە خەمڵاندنێک بکرێت، چونکە تەرمەکان بەبێ هیچ بەدواداچوونێک بە خاک سپێردراون".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمەڵکوژییەکە دوای دوو رۆژ لە شەڕی نێوان هێزە ئەمنییەکان و تیرۆریستان روویداوە، زەنگۆگۆ یەکێک بووە لەو گوندانەی کە هەندێک گومانیان لە دانیشتووانەکەی هەبووە کە هاوکاری تیرۆرستانیان کردبێت".
لای خۆیەوە، بەرپرسی کاروباری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رۆژی هەینی لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند، کە تووشی شۆک و دڵتەنگی بووە بە هەواڵی ئەو کۆمەڵکوژییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئەمەریکا بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشە دەکات و داوای لە حوکمڕانی سەربازی لە بۆرکینا فاسۆ کرد لێکۆڵینەوە لەو کۆمەڵکوژییە بکات، لەکاتێکدا دەسەڵاتدارانی بۆرکینا فاسۆ تا ئێستا وەڵامی نیگەرانییەکانی نێودەوڵەتییان نەداوەتەوە.
بۆرکینا فاسۆ لەلایەن حکومەتێکی کاتی بەڕێوەدەبرێت کە دوای کودەتاکەی ئەیلوولی 2022 پێکهێندرا.
وڵاتی رۆژئاوای ئەفریقا لەگەڵ یاخیبوونێکی جیهادیدا دەجەنگێت کە لە ساڵی 2015دا لە وڵاتی دراوسێی مالیەوە بڵاوبووەتەوە کە زیاتر لە 17 هەزار کەسی مەدەنی و کارمەندی سەربازیی کوژراون و دوو ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون. لەکاتێکدا حکومەتی بۆرکینا فاسۆ، پیاوانی سەروو 18 ساڵانی بۆ بەشداریکردن لە شەڕی دژی جیهادییەکان دامەزراندووە.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا دەسەڵاتدارانی بۆرکینییە لێکۆڵینەوەیان بۆ کۆمەڵکوژییەکی دیکە لە شارۆچکەی کارمای باکوور کردووە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 136 کەس کە نیوەیان ژن و منداڵ بوون، کە ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن ئەو پیاوانە جەنجامدراون کە جلوبەرگی سەربازییان پۆشییوە.