دادگاییکردنی تۆمەتبارانی هێرشەکەی 11ـی سێپتێمبەر بەردەوامە

گرتووخانەی گوانتانامۆ
گرتووخانەی گوانتانامۆ

K24 – کووبا:

پڕۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی هێرشەکانی 11ـی سێپتێمبەر جارێکی دیکە دەستیپێکردووەتەوە و کەسوکاری قوربانییان و پارێزەرانی زیندانییانیش ئامادەی دادگاییکردنەکەن. کوردستان24 وەک تاکە میدیای کوردی چووەتە گوانتانامۆ و قسەی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییان و پارێزەران کردووە. لەکۆی 780 زیندانی ئێستا تەنیا 30 کەس لە گرتووخانەکە ماون، پڕۆسەی دادگاییکردنەکە چەندجارێک دواخراوە، لەوانە بەهۆی پەتای کۆرۆنا و ئەشکەنجەدانی زیندانییان لەلایەن سی ئای ئای.

لە گرتووخانەی گوانتانامۆ تۆمەتبارانی هێرشەکەی 11ـی سێپتێمبەری ساڵی 2021 زیندانی کراون و، پڕۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانیش هەر لەم زیندانە بەڕێوەدەچێت. کوردستان 24 رووماڵی پڕۆسەکە دەکات و کەسوکاری قوربانییان و پارێزەران دەدونێنێت.

گۆڵدن فیڵد، برای یەکێک لە قوربانییانی هێرشەکەی 11ـی سێپتێمبەر بە کوردستان24ـی راگەیاند، "براکەم دیزاینەر بوو، زۆر بلیمەت بوو. پیاوێکی خۆشەویست و تێکەڵ بوو لەگەڵ کۆمەڵگە، باوکی دوو کچی جوان بوو. بڕوا وایە ئامانجی یانزەی سێپتێمبەر بینای پایتەختی ئەمریکا بووبێت لە واشنتن دی سی، باشتر وایە بڵێین بینای کۆشکی سپی".

دادگاییکردنی تۆمەتبارانی هێرشی 11ـی سێپتێمبەر کە خۆی بە پڕۆسەیەکی هێواش تێدەپەرێت چەندجارێکیش دواخراوە، سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا یەکێک بوو لە بەربەستەکان، دواترینیان ئەشکەنجەدانی زیندانییەکانە، کە وای لە دادوەران کردووە کاتی زۆرتریان بۆ دادگاییکردن و بڕیاردان پێویست بێت.

لەلایکی دیکەوە جەیمیس کۆنێڵ، پارێزەری عەممار بەلووچی دەڵێت: "ئەمەریکا ماوەیەکی درێژ لەمەوبەر بڕیاریدا زیندانییەک لە کەنار ئاو دروستبکات کە سیستەمێکی یاسایی لەخۆ بگرێت، بەشێوەیەک زیندانییەکان ئەو مافانەیان نەبێت کە لەسەر خاکی ئەمەریکا هەیانە. ئەوە زیاتر لە 20 ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکرد و ئێستاش بەردەوامە".

لەلایەن خۆیەوە، پارێزەری تۆمەتبار رەمزی ئیبن شیهب بە کوردستان24ـی گوت: "رەمزی ئیبن شیهب هاووڵاتییەکی یەمەنییە، لە ساڵی 2002 لەلایەن ئەمەریکاوە دەستگیرکراوە. لەو کاتەوە دەستبەسەرە و تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی هێرشەکەی 11ـی سێپتێمبەر، بۆماوەی 14 ساڵ لەلایەن سی ئای ئای وەک کەسێکی ونبوو هێڵدرایەوە و ئەشکەنجەدرا و لە ژووری تاکەکەسی زیندانی کراوە و، لە ساڵی 2006 بردراوەتە گرتووخانەی گوانتانامۆ".

گرتووخانەی گوانتانامۆ لە ساڵی 2002 دروستکراوە، دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی کووبا. ناوچەکە بەشێک نییە لە خاکی ئەمەریکا، بەڵام ماوەی سەدەیەکە لەلایەن ئەمەریکاوە کۆنتڕۆڵکراوە و بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکاشی لێ جێگیرکراوە. سەرەتا 780 کەس لەو گرتووخانەیە زیندانی کران، 741یان گواسترانەوە، نۆ کەسیشیان گیانیان لەدەستداوە، ئێستا تەنیا 30 زیندانی لەو گرتووخانەیە ماون.

Fly Erbil Advertisment