ژمارەی تووشبووانی نەخۆشی شەکرە لە هەولێر زیادیکردووە
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر رایگەیاند، بەپێی ئاماری 10مانگی رابردووی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە بەرز بووەتەوە.
وەک لە ئاماری سەنتەری راوێژکاری شەهید لەیلا قاسم بۆ نەخۆشی شەکرە هاتووە، لە 10 مانگی رابردووی ئەمساڵدا هەزار و 509 کەس لە تەمەنی سەرووی 18 ساڵی و 68 منداڵ و 287 کەسی دیکەی ئاوارە لە هەولێر وەک تووشبووی شەکرە تۆمارکراون.
لەمیانی چالاکییەکانی رۆژی جیهانیی نەخۆشی شەکرە، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، سەردانی سەنتەری راوێژکاری شەهید لەیلا قاسمی بۆ نەخۆشی شەکرە کرد و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژە کە بە رۆژی جیهانیی نەخۆشی شەکرەدیاریکراوە، بۆ زیاتر هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە لەبارەی نەخۆشی شەکرە، کە یەکێکە لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
گوتیشی: "ئەگەر هاتوو ئەو نەخۆشییە زوو دەستنیشان بکرێت، کێشەکانی ئەو نەخۆشییە بەشێوەیەکی ئاسایی چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەگەر زوو دەستنیشان نەکرێت یاخود چارەسەر بەشێوەیەکی رێکوپێک وەرنەگرێت، ئەوا کاریگەری لەسەر ژیانی کەسی تووشبوو دەبێت".
د. دلۆڤان، ئاماژەی بەوەشدا: "سەنتەری لەیلا قاسم کە سانتەرێکی تایبەتە بۆ نەخۆشییەکانی شەکرە، یەکێک لە بەرنامەکانی سەنتەرە ئەوەیە هەموو رۆژێک وەک ئەو رۆژە بێت کە دانراوە بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەبارەی نەخۆشی شەکرە، هەروەها زانیاری بە نەخۆش بدرێت و لە رێگەی پزیشکی تایبەتەوە جۆری خۆراک و وەرگرتنی چارەسەر، چارەسەر بکرێت".
د. دلۆڤان محەممەد راشیگەیاند، نەخۆشی شەکرە یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە دەتوانرێت بەرنامەی بۆ دانرێت زووتر پشکنین بکرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت، بۆیە پێویستە لە تەمەنی 35 ساڵیدا پشکنینێک ئەنجامبدرێت، ئەگەر پشکنینەکە نۆڕماڵ بوو ئەوا پێویست ناکات بۆ ماوەی سێ ساڵ پشکنین بکات.
هەر بەپێی ئەو ئامارە کۆی گشتی تووشبووان بە نەخۆشی شەکرە لە هەولێر بەمشێوەیە:
گەورە: 40334
منداڵ: 1331
ئاوارە: 7675
نەخۆشی شەکرە یەکێک لە باوترین نەخۆشیەکان لە جیهاندا، بریتیە لە نەمانی (لاوازبوونی) توانای جەستە بۆ بەکاربردنی گلوکۆز (Glucose) کە سەرچاوەی سەرەکی وزەی لەشە، ئەمەش بەهۆی نەبوون (کەم بوون) یان باش کارنەکردنی هۆرمۆنی ئینسۆلین (Insulin)ەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی گلوکۆز (Glucose) لە لەشدا (Hyperglycemia) و چەندین گرفتی کاتی و درێژخایەن بەدوای خۆیدا دێنێت، ساڵانە بە هەزاران کەس لە جیهاندا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و لەژێر چاودێری و چارەسەری پزیشکیدان.