وەزیرەکانی حزبەکەی حەلبووسی لە کابینەکەی سوودانی دەکشێنەوە

K24 – هەولێر:
حزبی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە، بڕیاریدا بە دەست لەکارکێشانەوە وەزیرەکانی لە حکومەتی عێراق و نوێنەرەکانی لە سەرۆکایەتی و ئەندامێتی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق.
رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) حزبی تەقەدووم لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، سەرکردایەتی و نوێنەرانی حزبەکە کۆبوونەوەتەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکردووە.
حزبی تەقەدووم بڕیاریداوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بکات و هەموو نوێنەرەکانی کابینەی حکومەتی عێراقی دەست لەکاربکێشنەوە، کە بریتین لە هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری.
هەروەها سەرجەم نوێنەرانی تەقەدووم بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن و سەرجەم نوێنەرانی ئەو حزبەش لە سەرۆکایەتی و ئەندامێتی لیژنە پەرلەمانییەکان دەست لەکاردەکێشنەوە.
رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.
لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.
هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.
هاوپەیمانی سیادە کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات، لە هاوپەیمانی هەردوو حزبی تەقەدووم و سیادە پێکهاتووە و خاوەنی 63 کورسیین لە پەرلەمانی عێراق، وەک بەشێک لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی سوننەکانە، لەلایەن هاوپەیمانی سیادەوە، محەممەد حەلبووسی بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان کرا.
حەلبووسی بۆ خولی دووەمە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکات، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018، وەک نوێنەری سوننەکان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت و دوای ئەویش لە 2021 جارێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێردرایەوە.