جوتیار عادل: بەشداریمان لە خولی دووەمی کۆنگرەی جیهانی میدیا بۆ ناساندنی زیاتری هەرێمی کوردستانە بە میدیا جیهانییەکان

K24 - هەولێر:
خولی دووەمی کۆنگرەی جیهانی میدیا لە ئەبو زەبی بە بەشداری 172 وڵات و 13 بەشدار بوو کە لەنێویاندا فەرمانگەی میدیا و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارە.
جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەشداری فەرمانگەکەیان لە خولی دووەمی کۆنگرەی جیهانی میدیا لە ئەبوزەبی بە کوردستان24ـی راگەیاند: ئامانجی سەرەکی بەشداری فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆنگرەیە، نیشاندانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی ناساندنی هەرێمی کوردستان و بە بازارکردنی هەرێمی کوردستان وەکو قەوارەیەک کە خاوەنی شوناس و مێژوویەکی تایبەتمەندە، ئەوەش بە بەراورد بە عێراق و ناوچەکە.
جوتیار عادل ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجی سەرەکی بەشداریمان لەو کۆنگرەیە ناساندنی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەو ئاژانسە هەواڵیانەی بەشدارن لە ئیڤێنتەکە، گوتیشی: بۆمان گرنگ بوو پەیوەندی لەگەڵ ئەو ئاژانسە هەواڵیانە دروستبکەین بۆ ئەوەی هەوڵەکانیان لەبارەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری پشتڕاست بکەنەوە، ئومێدیشی کرد لە رۆژانی داهاتوو بتوانن وێنەی حکومەت و هەرێمی کوردستان بگوازنەوە.
لەبارەی رۆڵی میدیاش لە هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل رایگەیاند: رۆڵی میدیا لە هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی بەتایبەت گەنجان گرنگە، گوتی: ئازادی رادەربڕین هەیە، بەڵام بابەت و هەواڵەکانی لە پلاتفۆرمەکان سۆشیال میدیا بڵاودەکرێنەوە، بە پێویستی زانی حکومەتەکان بە یەکەوە گەنجەکان پەروەردە بکەن و خۆیان دڵنیا بکەنەوە لەو شتانەی بڵاویان دەکەنەوە و دڵنیابن لەو سەرچاوەی هەواڵەکەش بڵاوی دەکەنەوە، لە کۆتاییش ئەوەی نەشاردەوە کە بوونی ئەو هەموو دەزگا میدیایەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، دەرخەری بوونی ئازادیی میدیاییە.
ئا/ کارزان حەیدەر