سێ وەزیری کابینەکەی سوودانی دەست لەکاردەکێشنەوە

نامەی دەست لەکارکێشانەوەی هەر سێ وەزیرەکە
نامەی دەست لەکارکێشانەوەی هەر سێ وەزیرەکە

K24 – هەولێر:

لە درێژەی کاردانەوەکانی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق و دوورخستنەوەی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەسەر بڕیاری حزبی تەقەدووم، سێ وەزیری ئەو حزبە دەست لەکاركێشانەوەیان پێشکەش بە سوودانی کرد.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەکاک ، وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد.

لە ناوەڕۆکی نامەی دەست لەکارکێشانەوەی هەر سێ وەزیرەکەدا، ئاماژە بە هۆکاری ئەو هەنگاوەیان کراوە، کە بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.

ئەم هەڵوێستەی سێ وەزیرەکە، دوای راگەیەندراوی حزبی تەقەدووم دێت کە تێیدا هاتووە، نوێنەرانی ئەو حزبە لە کابینەی حکومەت و لیژنە پەرلەمانییەکان دەست لەکاردەکێشنەوە و بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەکەن.

لە سەرەتای ئەمساڵ بە فەرمانێک، محەممەد حەلبووسی، بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی لەیس مستەفا حەممود دلێمی، لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق و وەک لە نووسراوەکدا هاتووە،  لەسەر داوای خۆی دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئەم بڕیارەی حەلبووسی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە رەتکرایەوە.

لەیس دلێمی بە کوردستان24ی راگەیاند: نوێنه‌ری حه‌لبووسی خۆی له‌ دانیشتنه‌كانی دادگای فیدراڵی ئاماده‌بووه‌ و دانی به‌وه‌ داناوه‌، كه‌ به‌ بڕیاری حه‌لبووسی نووسراوه‌كان ساخته‌ كراون‌ و‌ هه‌ڵساوه‌ به‌ نوێكردنه‌وه‌ی به‌رواره‌كان.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.