پەرلەمانی عێراق دوای دوورخستنەوەی حەلبووسی کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق
کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمان دەرکرد.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم، بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، پاش دوورخستنەوەشی، وابڕیارە پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکانی بەردەوام بێت و موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی دانیشتەکانی پەرلەمان عێراق دەکات.

پەرلەمانی عێراق بەپێی بەرنامەی بۆ دانیشتنی رۆژی چوارشەممە دیاریکردووە، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای مانەوەی بیانییەکان بە ژمارە 76ـی ساڵی 2017 کە لەلایەن لیژنەی یاسایی و ئاسایش و بەرگری ئامادە کراوە، لەگەڵ دەنگدان بۆ سەرۆکی داواکاری گشتی و دەستەی سەرپەشتییاری دادوەری.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، دەنگ لەسەر پرۆژەیاسایەکی لیژنەکانی تەندروستی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و پرۆژەیاسایەکی لیژنەی یاسایی لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان ژمارە 31ـی ساڵی 2019 دەدرێت.

0

ئا / کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment