ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەی شیفا
.jpg)
K24 - هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 15/11/2023، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە دەستپێکرد.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیاندراوێکدا دەڵێت: چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس نەخۆشخانەکان بۆ کاری تیرۆریستی بەکاردەهێنن"، بۆیە لە بەشێکی دیاریکراوی نەخۆشخانەی شیفا ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردووە و تا رزگارکردنی بارمتەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوام دەبن.
لەلایەن خۆیەوە بزووتنەوەی حەماس، رایگەیاندووە، سەربازانی ئیسرائیل بە تانکەوە چوونەتە ناو بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شیفا و تەواوی بەرپرسیارێتییەکانیش لە ئەستۆی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکایە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین نیگەرانی خۆی رایگەیاندووە و ئاماژەیداوە، سوپای ئیسرائیل تاوانکارییەکی دیکە دژ بە مرۆڤایەتی و تیمە پزیشکی و نەخۆشەکان ئەنجامدەدات.
لای خۆیەوە نووسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە، رایگەیاند: هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆسەر نەخۆشخانەی شیفا تاوانی جەنگە.
بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە ئاماژەی بەوە کردووە "هێزەکانی ئیسرائیل هەڵیانکوتاوەتە سەر بەشی نەشتەرگەری فریاگوزاری لە نەخۆشخانەکە".
بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا، بەرپرسیارێتی ئەو هێرشە دەخاتە ئەستۆی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا.
ئەشرەف قودرە، وتەبێژی تەندروستی غەززە ئاشکرای کرد، بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل ئاگاداری کردونەتەوە کە نەخۆشخانەی شیفا چۆڵ بکەن.
نەخۆشخانەی شیفا کە گەورەترین نەخۆشخانەی کەرتی غەززەیە، پێشتریش حكومهتەکەی غهززه ئهوهی خستووهتهڕوو، نەخۆشخانەی شیفا بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی و کارەباوە، ژوورەکانی نەشتەرگەریی و خزمەتگوزارییەکانی لە کارکەوتوون، هاوکات لە لایەن سوپای ئیسرائیلیشەوە گەمارۆ دراوە.
لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، کە بههۆیهوه زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون، زیاتر لە 240 کەسیش لای حهماس بە بارمتە دەستگیرکراون، وهك كاردانهوه بۆ ئهو هێرشه، ئیسرائیل هێرشێكی فراوانی دهستپێكرد، كه تاكو ئێستاش بهردهوامه.