ئەنجوومەنی وەزیران هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تاوتوێ دەکات

K24 - هەولێر
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی ئەنجام دەدات و تەوەی سەرەکی کۆبوونەوەکە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەبێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری؛ لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی کوردستان و حكومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەخرێتەڕوو.
ئاماژە بەوەش کراوە: بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە داهاتی گەڕاوەی ناوخۆی هەندێك لە وەزارەتەكان و سیستەمی ژمێریاریی پەیڕەوكراو بۆ فەرمانگەكان.
"ئەگەر بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان هەیە"
زیاتر لە نۆ مانگ بەسەر راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بەهۆی بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق لەدژی تورکیا تێدەپەڕێت، رۆژی 25ـی ئاداری 2023، عێراق سکاڵاکەی تورکیای بردەوە و تورکیا بە پێدانی 1 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار بە عێراق پابەندکراوە.
رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتە هەولێر و، دواتر لەگەڵ هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی کە لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکوەزیرانیشە. ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەرووی کاری تەکنیکی یاخود یاسایی، هەرچی ئەرکی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێکراوە. هەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکو خۆی کە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش رێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بکەن".
ئاماژەی بەوەش دا، "لە قسەکردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش و ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوابڕیار لەسەر پێشنیارەکان بدەین. من ئومێدم زۆرە ئینشائەڵڵا ئەنجامێکی باش و وەڵامی باش بۆ خەڵکیش دەبێت".
بە گوتەی مەسرور بارزانی، "ئەگەر بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە، بەڵام دەبێت مافەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور ڕەچاوبکرێت."