بەشیر حەداد: بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی بڕیارێکی سیاسییە
"دادگای فیدراڵی پێویستە ئامرازێک بێت بۆ سەقامگیری وڵات"

K24 - هەولێر
جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: دادگای فیدراڵی پێویستە ئامرازێک بێت بۆ سەقامگیری باری سیاسی وڵات، بۆ ئەوەی پێکهاتەکان پێکەوە گرێبدات و نەبێتە پشێوی و درزێک لە پڕۆسەی سیاسی لە وڵاتدا.
د. بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: "هەرچەندە لە رواڵەتدا بڕیارێکی یاسایی دەرچووە، بەڵام من پێموایە لایەنی سیاسی بەسەریدا زاڵە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ناسەقامگیرییەی لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەیە، بەشێوەیەکی گشتی لەناو پێکهاتەکان بەشێوەیەکی تایبەت هەیە، بەتایبەت لەناو پێکهاتەی سووننەدا".
گوتیشی: "دەمێکە ئەو بڕیارە هەیە بۆ لادانی حەلبووسی، ئەویش لەسەر ئەو ململانێ سیاسییەی لەناو هەندێک پێکهاتەی سوونەدا هەیە، ئەم بابەتە دروستبووە، بۆیە لە هەموو وڵاتێک و هەموو شوێنک دادگای فیدراڵی پێویستە ئامرازێک بێت بۆ سەقامگیری باری سیاسی وڵات، بۆ ئەوەی پێکهاتەکان پێکەوە گرێ بدات و نەبێتە هۆکار بۆ دروستکردنی پشێوی و درزێک لە پڕۆسەی سیاسی وڵاتدا".
بەشیر حەداد دەشڵێت: "من پێموایە ئەم بابەتە وا بە ئاسانی تێناپەڕێت و شتی دیکەشی بەدوادا دێت، لەسەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا بەتایبەت لە کاتێکی هەستیاری وەکو ئێستای عێراقدا کە دەناڵێنێت بەدەست چەندین کێشە و گیروگرفتی سیاسی، ئەمنیی و ئابوورییەوە".
رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.
لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.
هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.