سوودانی: تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان دابین دەکەین

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، هەموو توانایەک بۆ سەرخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەخەینەگەڕ.

سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ده‌ستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکانی کرد و گفتوگۆیان لەبارەی بارودۆخی پارێزگاکان و جێبەجێکردنی پرۆژەکانی حکوومەت لەو پارێزگایانە کردەوە.

له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سوودانی له‌گه‌ڵ دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان ئه‌مڕۆ رۆژی چوارشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2023،  رایگه‌یاند، تەواوی پێداویستییەکانی هەڵبژاردنێکی شەفاف و دادپەروەرانه دابین دەکەین.

سوودانی راشیگه‌یاند، لیژنەیەکی باڵای ئەمنی بۆ پرسی هەڵبژاردنی پارێزگاکان پێکهێنراوه.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، نابێت دەسەڵاتی دارایی و کارگێڕی له بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێت.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت، کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.

رۆژی شەممە (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.

كارزان حه‌یده‌ر

Fly Erbil Advertisment