ئایدن مەعروف: داوا دەکەین رەچاوی داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان بکرێت

ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، "بوونی پێکهاتەی تورکمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە" و دەڵێت، "داوا لە هەموو لایەک دەکەین ڕەچاوی ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان بکەن".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی "رۆژی زمان و کولتوری پێکھاتەی تورکمانی"، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بوونی پێکهاتەی تورکمان لە عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە؛ بۆیە پێویستە لە هەموو کاتێکی دیکە زیاتر پشتیوانی لە داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان بکرێت".

بە گوتەی ئایدن مەعروف، "پێکهاتەی تورکمان هەموو کاتێک بەشێوەیەکی ئاشتییانە و لەرێگەی گفتوگۆیەوە داوای مافەکانی خۆی کردووە. رۆژی یەکشەممە، 19-11-2023، کە دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان و بەشداریی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردندا هەیە، لەم رۆژە گرنگەدا بە پێویستی دەزانین دادگای فیدراڵی ئەم سکاڵایە رەتبکاتەوە".

وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان داوا لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات، "ڕەچاوی ماف و داواکارییەکانی پێکهاتەی تورکمان بکەن" و دەڵێت،  "پێکهاتەی تورکمان بەشدارییەکی کارای لە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هەیە؛ داوا دەکەین بەشداربوونەکە باشتر و فراوانتر بکرێت".

ئایدن مەعروف، باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و گوتی: "ئێمە وەکو نەتەوەی تورکمان لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت و دوانەخرێت، هەروەها هیچ دەستێوەردانێک لە کاروباری پێکاهاتەکاندا نەکرێت".

یەكێك لە سیما دیارەكانی هەرێمی كوردستان، ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیانی باوەڕە جیاوازەكانە، بۆیە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، بەڕێوەبەرایەتییەكی تایبەتى هەیە بۆ پێكەوەژیانی ئایینی. ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "وەکو وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان لە هەرێمی کوردستان".