تایلەند: ئەگەر ئاگربەست بکرێت حەماس بارمتە تایلەندییەکان ئازاد دەکات

خۆپیشاندانی تایلەندییەکان بۆ پاڵپشتی کردنی فەڵەستین
خۆپیشاندانی تایلەندییەکان بۆ پاڵپشتی کردنی فەڵەستین

K24 - هەولێر

سیاسەتمەدارە موسڵمانەکانی تایلەند ئەمڕۆ پێنجشەممە رایانگەیاند، دڵنیایییان لە حەماس وەرگرتووە، کە هەموو ئەو تایلەندیانەی، لەلایەن ئەوانەوە دەستبەسەرکراون ئازاد دەکرێن، ئەگەر هەوڵەکانی نێوەندگیری بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە سەرکەوتوو بن.

وەزارەتی دەرەوەی تایلەند رایگەیاند، 25 هاووڵاتی تایلەندی لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە دەستگیرکراون و 39 کەسیش لەنێو ئەو کەسانەدا بوون کە لە هێرشەکەی رۆژی شەممە 7ـی ئۆتۆبەردا کوژراون.

لیبۆنگ سەید، سەرۆکی کۆمەڵەی خوێندکارانی پێشووی تایلەند و ئێران لە باڵەخانەی پەرلەمانی بانکۆک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "هەر ئاگربەستێک بۆ ماوەی سێ یان پێنج رۆژ بێت، حەماس دەستگیرکراوەکان ئازاد دەکات، بە هەموو تایلەندییەکانیشەوە، ئەمەش بەڵێنە لەلایەن حەماسەوە پێیدرابوو".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "رەنگە کەمتر لە 10 رۆژدا یان لە دوو سێ رۆژی داهاتوودا ئەمە رووبدات".

لیبۆنگ بەشێکە لە تیمێک کە سیاسەتمەدارانی موسڵمانانی تایلەندی بە سەرۆکایەتی وان محەمەد نور ماتا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پێکهێنراون و لە مانگی رابردووەوە پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس هەیە. پیشتریش لە ئێران لەگەڵ حەماس کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵێنییان وەرگرتووە کە تایلیندییەکان ئازاد بکەن.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر کاتێک حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، جگە لەوەی زیاتر لە 1200 کەس کوژران، زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە گیراون.

هەروەها بانکۆک بڵاویکردەوە، 22 هاووڵاتی تایلەندی بە بارمتە گیراون، جگە لە کوژرانی 32 هاوڵاتی دیکە، ئەمەش وایکردووە ئەو وڵاتە ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی جەنگی بەرکەوتووە.