میدیا ئەمه‌ریکییەکان: ئیسرائیل هیچ تونێلێکی لە ژێرەوەی نەخۆشخانەی شیفا پیشان نەداوین

نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە
نەخۆشخانەی شیفا لە غەززە

K24 – هەولێر:

میدیا فەرمییەکانی ئەمەریکا رایدەگەیەنن، سوپای ئیسرائیل هیچکام لەو تونێلانەی کە باسیان دەکرد پیشانی نەداوین.

میدیا فەرمییەکانی ئەمەریکا دەڵێن: دەبێت ئیسرائیل بە روونی دیمەنەکان پیشانی هەموو جیهان بدات، بۆ ئەوەی بوونی تونێلەکان لە ژێر نەخۆشخانەکەدا بسەلمێنێت.

ئاماژە بەوەش دەکەن، کە سەربازانی ئیسرائیل لە میانەی چوونەژوورەوەیان بۆ نەخۆشخانە، لێپرسینەوەیان لەگەڵ هیچ نەخۆش و دکتۆرێکی نێو نەخۆشخانەکە نەکردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئیسرائیل لە لێدوانەکانییاندا باس لە بوونی تونێل لە ژێر نەخۆشخانەکان دەکەن و دەڵێن، حەماس نەخۆشخانەکان و خەڵکی سڤیل وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردێنن.  

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێ كه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.