وه‌زیرانی ته‌ندروستی و خوێندنی باڵا چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار تاووتوێ ده‌كه‌ن

K24 - هەولێر:
وه‌زیرانی ته‌ندروستی و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار گفتوگۆ ده‌كه‌ن، هاوكات بڕیار وایه له داهاتوویه‌كی نزیكدا یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت واژۆ بكرێت.
رۆژی (پێنجشه‌ممه 16ـی تشرینی دووه‌می 2023) ئارام محمد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سامان بەرزنجى، وەزیرى تەندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆیان لە بارەى پرسە هاوبەشەکانى نێوان هەردوو وەزارەت لە بوارى تەندروستى و پزیشکیدا کرد، بۆ ئەم مەبەستەش وا بڕیارە لە داهاتووییەکى نزیکدا یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وەزارەت بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکان ئیمزا بکرێت.
لە دیدارەکەدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، سوپاس و دەستخۆشى ئاراستەى وەزیرى تەندروستى و ستافى وەزارەت کرد بۆ هەماهەنگى و هاوکارى بەردەوامیان و رایگەیاند، ئەرکى دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا، بریتییه له کار کردن بۆ پەرەپێدانى زیاترى کوالێتى خوێندن و راهێنان، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا زانکۆ و کۆلێژە پزیشکییەکان ئەرکێکى گرنگیان لە ئەستۆ دایە کە بریتییە لە راهێنان و ئامادەکردنى پزیشکانى پسپۆڕى له هه‌رێمی كوردستان.
وەزیرى خوێندنى باڵا لە بارەى هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى، دووپاتی له‌سه‌ر گرنگی هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى كرده‌وه بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەتی باشتر بۆ خوێندن و راهێنانی پزیشکی بڕەخسێنین.
هاوكات وەزیرى تەندروستى، جەختى لەسەر هەماهەنگى و هاوکارى زیاتر لەنێوان وەزارەتى تەندروستى و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کردەوە، و ئاماژەی بەوەش کرد، توانا مرۆییەکان و ژێرخانی تایبەت بە خوێندن و راهێنانی پزیشکی لە نێوان هەردوو وەزارەتدا هاوبەشن، به‌شێوه‌یه‌ك هەم مامۆستایانی کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا بەشداری کاریگەریان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هه‌یه و نەخۆشخانەکانی کەرتی تەندروستیش لە خزمەتی پرۆسەی خوێندن و راهێنانی پزیشکیدان.
سامان به‌رزنجی دووپاتیشیكرده‌وه، هه‌ردوولا پێویستیان بە هەماهەنگی زیاترە لەسەر هەردوو ئاستی خوێندنی بەکالۆریۆس و خوێندنی پسپۆڕی.
لە کۆتایى کۆبونەوەکەدا بڕیار درا کار بکرێت بۆ ئامادەکردنى رەشنووسى یاداشتنامەیەکى لێکتێگەیشتن لەبارەی ئەو بابەتە هاوبەشانەی دەبێتە هۆکاری پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزاری تەندروستی و پێگەیاندن و راهێنانی پزیشکانی هه‌رێمی كوردستان.