رووماڵ

جه‌وڵ ره‌یبێرن: ده‌بێت دۆزی كورد به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ربكرێت

جه‌وڵ ره‌یبێرن
جه‌وڵ ره‌یبێرن

K24 – هەولێر:

جه‌وڵ ره‌یبێرن نێرده‌ی تایبه‌تی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا،‌ میوانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس)ـه‌، كه‌ بە سپۆنسەری میدیایی كوردستان 24 لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، "ده‌بێت دۆزی كورد به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ربكرێت". له‌باره‌ی شه‌ڕی حه‌ماس – ئیسرائیل، ره‌یبێرن رایگه‌یاند، مه‌ترسی فراوانبوونی ئه‌و جه‌نگه‌ زۆر زۆره‌، چونكه‌ رژێمی ئێران ئاگری ئه‌و شه‌ڕه‌ خۆش ده‌كات.

ناوبراو راشیگه‌یاند، ئه‌گه‌ر ئێران چه‌ك و تفاقی بۆ حه‌ماس دابین نه‌كردبا، حه‌ماس نه‌ده‌بووه‌ ئه‌و هێزه‌ی كه‌ ئێستا ده‌یبینین. گوتیشی: ئێران 15 ساڵه‌ هاوكاری سه‌ربازی حه‌ماس ده‌كات.

له‌باره‌ی دۆخی سووریا و عێراق، ره‌یبێرن رایگه‌یاند، تاكو كێشه‌ی تیرۆر هه‌بێت، ئه‌مه‌ریكا له‌ سووریا و عێراق ناكشێته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر گوشاره‌كان له‌سه‌ر داعش نه‌مێنن، دووباره‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌، بینیمان مووسڵ له‌ 2003ـه‌وه‌ تاكو 2017 هه‌شت جار ده‌ستاوده‌ست كرا و هیچ گومانیشی تێدا نییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌، دووباره‌ كێشه‌ له‌ مووسڵ دروست ده‌بێته‌وه‌.

تایبه‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا، ره‌یبێرن گوتی: حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ژێر فشارێكی زۆری ده‌ره‌وه‌ دایه‌، ئامانجیانه‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ دابه‌ش بكه‌ن و نایانه‌وێت سه‌قامگیربێت، بۆیه‌ له‌ 2017ـه‌وه‌ ئه‌مه‌ریكا كاری باشی بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌كردووه‌، به‌ تێڕوانینی من حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا.

له‌باره‌ی هێرشی میلیشیاكان بۆسه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و سووریا، ره‌یبێرن ده‌ڵێت: ئه‌و هێرشانه‌ وه‌ڵامێكی به‌هێزی له‌ دواوه‌یه‌، ئه‌مه‌ریكا هێزی زۆری هێناوه‌ته‌ ناوچه‌كه‌.

تایبه‌ت به‌ دۆزی كورد، ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، زۆربه‌ی ململانێكانی ناوچه‌كه‌، په‌یوه‌ستن به‌ په‌كه‌كه‌وه‌، ده‌بێت هه‌نگاوێك به‌ئاراسته‌ی ئاشتی له‌نێوان په‌كه‌كه‌ و توركیا بنرێت، بۆیه‌ له‌ ئێستادا په‌كه‌كه‌ كێشه‌یه‌.

گوتیشی: "ده‌بێت دۆزی كورد به‌ رێگه‌ی ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ربكرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، عێراق سه‌قامگیر نابێت وه‌كو ده‌وڵه‌ت، تاكو له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتن نه‌بێت، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌بن، عێراق سه‌قامگیر نابێت، ئه‌مه‌ ده‌ستوور وا ده‌ڵێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، داهاتووی عێراق وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌قامگیر، ئه‌وه‌یه‌ رێگه‌ به‌ ئێران نه‌دات بیكاته‌ هاوشێوه و كۆپییه‌كی خۆی.

دواجار گوتیشی: "بڕوا ناكه‌م ئێران بمێنێته‌وه‌، ئێران ده‌ڕوخێت".

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک لە رۆژانی (19-21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەدەچێت.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، 19ی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێلی بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هوشیاری زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەیان کەسایەتی دیکە بەشداری دەکەن.

لەسەر ئاستی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەندین کەسایەتی دیکە لەسەر ئاست و پسپۆری جیاواز بەشدارن لە کۆڕبەندەکە.

لە دیارترین کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی بەشداربوو لە مێپس 2023، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، نازم زەهاوی، وەزیری پێشووی گەنجینەی بەریتانیا، ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و محەممەد مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری خۆراک و کشتوکاڵی تورکیا و چەندین کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی و پسپۆر لە بوارەکانی ئاشتی، ئاسایش و تەکنەلۆژیای زانیاری و هتد.