رانداڵ رۆدس : دەکرێت پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق ببێتە نموونە

K24 – هەولێر:
سهرۆكی زانكۆی ئهمەریكی كوردستان لە دهۆک، رایدەگەیەنێت؛ هەرێمی کوردستان رێزی لە ئایین و پێکهاتە جیاوازەکان گرتووە، هەروەها دەکرێت پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراق ببێتە نموونە. لەبارەی کۆڕبەندی مێپسەوە گوتی: دەکرێت لە کۆڕبەندی مێپس نەخشەرێگەیەک بۆ چارەسەری کێشەکان لە عێراق و ناوچەکە بخرێتەڕوو.
رانداڵ رۆدس، سهرۆكی زانكۆی ئهمەریكی كوردستان لە دهۆک، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، مێپس زۆر گرنگە و قوتابییەکانمان لە نزیکەوە بەشدارن لە وۆرکشۆپەکان چونکە گرنگە بزانن دیبەیتی سیاسی و ئەکادیمی چۆن بەڕێوەدەچێت، ئەو زانیاری و داتانەی کە باس دەکرێن لۆژیکی تێدایە دواتریش رێکار و رێنامیی و دەرئەنجامی لێدەکەوێتەوە بۆ عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە زۆر گرنگە بڕیاربەدەستان چۆن بڕیار دەدەن و هەروەها بڕیار چۆن دروست دەبێت لە سێکتەرە جیاوازەکان، هەروەها زۆر گرنگە تێبگەیت لە تێڕوانینی نەتەوەیی و نیشتمانی.
سهرۆكی زانكۆی ئهمەریكی كوردستان لە دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، سبەی ئێمە پێشوازی لە بەشداربووان دەکەین چ بۆ وۆرکشۆپەکان بێت چ بۆ پانێڵەکان بێت، زۆر گرنگە بۆ ئێمە کە گرنی پارێزگای دهۆک نیشان بدەین، بۆ ئەوەی خەڵکی بزانن کە چی هەیە لێرە و چی پێشکەش دەکرێت، خەڵکی وا تێدەگەن کە تەنیا هەولێر و سلێمانی هەیە، بۆیە دهۆک شوێنێکی زۆر جوانە دەرفەتێکی زۆر باشە بۆ دامەزراوەی پەروەدەیی.
رانداڵ رۆدس، راشیگەیاند، زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک لە ناوچەیەکی زۆر دوورەوە هاتووە، نۆ ساڵە لێرەیە ساڵی داهاتوو ئێمە لێرە ئاهەنگی 10 ساڵای خۆمان دەگێڕێن، هەر لە سەرەتای کردنەوەی ئەم زانکۆیە لە ساڵی 2014ـەوە چاوم لە داهاتووە، ئەویش بۆ چەند ساڵی داهاتوو ماستەرپلانێکمان هەیە پێنج باڵاخانەی دیکە لە پلانمان هەیە، باڵاخانەی نوێ دروستدەکەین و پۆلی نوێ دروست دەکەین، لە داهاتوودا شانۆیەک دروست دەکەین و بەشی پزیشکیش لەو زانکۆیە دەکەینەوە.
سهرۆكی زانكۆی ئهمەریكی كوردستان لە دهۆک، لەبارەی دروستبوونی پەیوەندی ئەکادیمی و زانستی نێوان هەرێم و بەغدا دەڵێت: دەمانەوێت پەیوەندییەک دروست بکەین لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و پەروەردەی حکومەتی عێراق، بۆ ئەوەی پێکەوە کارێکی باش بکەین بۆ باشترکردنی زانکۆکان، کەی ئەو متمانەیەمان دروست کرد ئەو کات دەچینە سەر بابەتی دیکە.
رانداڵ رۆدس، گوتی: زۆرێک لەو گفتوگۆیانەی کە لە مێپس دەکرێت لەسەر داهاتووە، کە چۆن ئابووری باشتر بکەین، چۆن دەرەفەتەکان بقۆزینەوە بۆ گەنجان، چۆن ژینگە و کەشوهەوا باشتر بکەین، چۆن ژێرخانی خۆمان بەهێزتر بکەین و لەبارەی هەناردەی نەوتەوە چی بکەین، بۆ ئەوەی کە دڵنیابینەوە کە خۆشگوزەرانی بۆ هەموو تاکێکی عێراق بگەڕێتەوە، سبەی ئەم بابەتانە باس دەکرێن.
سهرۆكی زانكۆی ئهمەریكی كوردستان لە دهۆک، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەرێمی کوردستان زۆر رێزی لە پێکهاتەکان و ئایینە جیاوازەکان گرتووە، بۆیە ئەگەر بتوانین ئەم وێنە جوانە پیشانی عێراق بدەین ئەمە شتێکی جوان دەبێت، ئێمە دەتوانین پێکەوە بە ئاشتیانە بژین سەرەڕای جیاوازیەکانمان، هەرێمی کوردستان مۆدێلێکی زۆر جوانە و بۆیە لە شوێنەکانی دیکە کۆپی دەکرێت.
رانداڵ رۆدس، روونیکردەوە، عێراق دەبێت بەهێز بێت و نەچێتە ناو ئەو کێشانەی کە هەیە لە ناوچەکانی دیکە، بۆیە زۆر گرنگە شیعە و سوننە و کورد پێکەوە کاربکەن رێگە نەدەن شەڕ بکەوێتە ناو وڵاتەکەیان و کاریگەری ناخاتە سەر وڵاتەکە، عێراقیش کەتووەتە سەر فشاری وڵاتانی دراوسێ، بەڵام دەبێت عێراق وەک وڵاتێکی فیدراڵی چارەنووسی خۆی دیاریی بکات، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە لە وڵاتانی دراوسێ چی روودەدات.
لەبارەی پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ناوبراو گوتی: هەمیشە دەبێت گفتوگۆکانانی بەردەوام بێت بە ئاراستەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتن چونکە گەر وانەکن هیچ چارەیەکی دیکەیان نییە.
سەبارەت بە داهاتووی قوتابییانی زانکۆکە، رانداڵ رۆدس رایگەیاند، ئامانجمان ئەوەیە سەرکردە بۆ داهاتوو دروست بکەین، بۆیە زۆر گرنگە کار لەسەر ئەوە بکەین کە قوتابییەکانمان ئەقڵێکی رەخنەگرەیان هەبێت و بتوانن کێشە چارەسەر بکەن، هەروەها چارەسەری نوێنەگەرانەیان هەبێت.
چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023)
چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2023) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک لە رۆژانی (19-21ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەدەچێت.
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، 19ی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.
لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێلی بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.