ئەبوبەکر کاروانی لە کۆڕبەندی مێپس : رێکخستنی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە لە چەند رووێکەوە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر
ئەبوبەکر کاروانی، رایگەیاند: زۆربەی قسەکەرانی کۆڕبەندی مێپس ستایشی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان رۆڵی زیاتری هەبێت لە عێراق دەبێ بەهێزتر بێت.
ئەبوبەکر کاروانی، نووسەر و کەسایەتی سیاسی لەمیانی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ( مێپس) بە کوردستان24ی راگەیاند: "رێکخستنی ئەو جۆرە کۆنفرانسانە لە چەند رووێکەوە گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، یەکێک لەوانە ئەوەیە کوردستان دەکاتە جێی سەرنجی میدیا جیهانییەکان، لەکاتێکدا کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شەڕ و پێکدادانە لە کوردستان باسی ئاشتی و چارەسەرکردنی کێشەکان دەکرێت".
گوتیشی: "گرنگە ئەو جۆرە کۆڕبەندانە هاندەرێک بێت بۆ کاربەدەستانی سیاسیی و حکومەت لە هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان".
ئەبوبەکر کاروانی، جەختیکردەوە: "گفتوگۆ کردنەوە لە نزیکەوە کاریگەری ئەوتۆی دەبێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و باشتر لە یەکتێگەیشتن، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کێشە هەن لە دەسەڵاتی عێراقییەکانیشدا نییە، وڵاتانی هەرێمی بەشداری تێدا دەکەن".
ئاماژەی بەوەشدا: "پێویستە لە داهاتوودا بیر لەوە بکەینەوە کۆنفرانسی تایبەت بە بابەتێکی دیاریکراو رێک بخەین، هەروەها قسەکەری کوردیش زیاتر بن".
ئەبوبەکر کاروانی، باسی لەوەشکرد: "ئەوانەی لە کۆڕبەندی مێپس قسەیان کرد، زۆربەیان ستایشی هەرێمی کوردستانیان کرد و پێیان وابوو کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی لە پێشە کە بەهێزتر بێت، پەیامی ئەوەشیان هەبوو ئەگەر هەرێمی کوردستان بیەوێت لە عێراق رۆڵی زیاتر هەبێ دەبێ بەهێزتر بێت".