خانەی پەرستارانی ئێران: ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستار وڵات بەجێدەهێڵن

ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستار ئێران بەجێدەهێڵن
ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستار ئێران بەجێدەهێڵن

K24 - هەولێر

رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز بڵاویکردووەتەوە، لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2021 ڕێژەی کۆچی ئێرانییەکان بەرەو وڵاتانی دەوڵەمەند 121% زیادیکردووە. سکرتێری گشتیی خانەی پەرستارانی ئێرانیش دەڵێت، ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستار ئەو وڵاتە بەجێدەهێڵن.

ڕۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز بە پشتبەستن بە ئاماری ڕێکخراوی هاوکاری و پەرەپێدانی ئابووریی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2021، ڕێژەی کۆچی ئێرانییەکان بەرەو وڵاتانی دەوڵەمەندی جیهان لەسەدا 141 زیادی کردووە؛ بەو پێیەی ساڵی 2020، 48 هەزار و لە ساڵی 2021ـیش 115 هەزار ئێرانی وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە.

لە کەرتی پیشەسازیی نەوتیشدا ڕۆژنامەی ''هەم‌میهەن''ی ئێران باس لەوە دەکات کە "ڕیسکی وەبەرهێنان" لە پیشەسازیی نەوتی ئەو وڵاتەدا وای کردووە نەک هەر وەبەرهێنەرانی ڕووسی و چینی وڵاتەکە بەجێبهێڵن و ڕوو لە عێراق بکەن، بگرە وەبەرهێنەرانی بواری پیشەسازیی نەوت و گاز لە ناوخۆی ئێرانیش چاو لە گرێبەستە جۆراجۆرەکانی نەوتی عێراق دەبڕن و بە سەرمایەکانیانەوە بەرەو ئەو وڵاتە کۆچ دەکەن.

کۆچی پەرستارانی ئێران قەیرانێکی دیکەی ئەو وڵاتەیە کە بە گوتەی محەمەد شەریفی موقەدەم، سکرتێری گشتیی خانەی پەرستارانی ئێران، "بەهۆی دانەمەزران و داهاتی کەمەوە" ساڵانە زیاتر لە سێ هەزار پەرستاری ئێرانی وڵاتەکەیان بەجێدەهێڵن و ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەریفی موقەدەم دەڵێت: "ئێستا قەیرانی کەمیی پەرستار هێندە جددییە، بەشێکی نەخۆشەکان بەهۆی نەبوونی پەرستارەوە گیانیان لەدەست دەدەن".

فاینەنشیاڵ تایمز لە ڕاپۆرتەکەیدا کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوبووەتەوە، لە زاری شرۆڤەکارانەوە ڕایگەیاندووە، قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی ئێران هۆکاری سەرەکیی کۆچی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەیە و ئاماژەی بەوەش داوە کە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەرانبەرەکانی، هەروەها ترسی ئەوەی کە ئەو وڵاتە بەهۆی پشتیوانیکردنی لە گرووپە ملیشیاییەکانی دژی ئیسرائیل و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا ببێت بە لایەنێکی جەنگی غەززە، ئەوانەش هۆکاری دیکەی کۆچی هاووڵاتییانی ئێرانن.

کۆچبەرانی ئێرانی زیاتر ڕوو لە وڵاتانی ئەمەریکا، ئوستراڵیا، کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن، بەڵام پەرەسەندنی ئابووریی وڵاتانی کەنداو، لەوانە ئیمارات و قەتەڕ و عومان بوونەتە هۆی ئەوەی ئێستا کۆچبەری ئێرانی ڕوو لە وڵاتانەش دەکەن.

Fly Erbil Advertisment