هاووڵاتییەک 60 ساڵە لە هەولێر کڵاو دەدورێت

K24 – هەولێر

هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێر بەناوی وەستا خەلیل سەعید، 60 ساڵە پیشەی بەرگدرووی دەکات، وەکخۆی دەڵێت، زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر دوورینی کڵاو و ھەر کڵاوێک گوزارشت لە مێژوو و سەردەمێک دەکات.

وەستا خەلیل سەعید، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ماوەی شەست ساڵ کە پیشەی بەرگدووریی دەکات، زیاتر سەرنجی خستووەتە سەر دروینی کڵاو، چەندین جۆری جیاوازی کڵاوی دووریوە و ھەر یەکێکیان گوزارشت لە مێژوویەک و سەردەمێک دەکات.

گوتی: "من هەر لە منداڵییەوە حەزم دەکرد جلوبەرگ بدوورم، لە رابردوودا کورتەک و شەڕواڵ و جلی کوردیمان دەدووری، لەناو بازاڕی قەیسەری هەولێر، دواتر بۆ حەزی خۆم چەند جلێکی دیکە لەگەڵ جلوبەرگی ئافرەتان بدرووم و تێیدا سەرکەوتووبووم".

گوتیشی: "دوای تەواو بوونی سەربازی، دوکانێکم دانا و تەنیا جلو بەرگی ئافرەتانم دەدووری لە ساڵی 80 کاندا، سەرەتای دروومانیم کڵاوێک بوو "سیدار"ی پێدەڵێن و مێژووی بوونی ئەو کڵاوە بۆ 1925 دەگەڕێتەوە، دواتر لە تەمەنی 11 ساڵیمدا کڵاوێکی دیکەم دووری لەسەر شێوازی کڵاوی عەبدولکەریم قاسم، کە سەربازانی عێراقی بەکاریان دەهێنا".

وەستا خەلیل، دەشڵێت: "هێواش هێواش  هەوڵی دورینی جلوبەرگی دیکەمدا، وازم لە خوێندنیش هێنا لەبەر پیشەی دوورمانی، ئێستا لە مووسڵ و خواروی عێراقەوە دێن بۆ ئەو جۆرە کڵاوەی عەبدولکەریم قاسم، لە وڵاتانی دیکەی دەرەوەی کوردستانیش  دێن و خواست لەسەر کڵاوەکان زۆرە کە رۆژانە چوار بۆ پێنج کڵاو دەبەن".

وەستا خەلیل سەعید لە تەمەنی حەفتاکانیدایە و تا ئێستاش لە دوکانێکی گەورەی نێو بازاڕی قەیسەری هەولێردا، رۆژانە خەریکی پیشەکەیەتی و هەندێکجاریش وەکو حەز و خولیای خۆی جۆرەکانی کڵاو دەدورێت و هەر جۆرێکیش دەگەڕێتەوە بۆ مێژوویەکی دیاریکراو لە عێراقدا.

Fly Erbil Advertisment