رۆژنامه‌ی ته‌له‌گراف كه‌وتووه‌ته ژێر قه‌رز و حكومه‌تی به‌ریتانیا ده‌ستوه‌ردان ده‌كات

K24 - هەولێر:
حكومه‌تی به‌ریتانیا رایده‌گه‌یه‌نێت سه‌رقاڵی هه‌ڵسه‌نگاندنی پرۆسه‌ی فرۆشتنی كۆمه‌ڵه‌ی ته‌له‌گرافی میدیاییه و ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و هه‌وڵه‌ی بۆ خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی گشتییه، له‌وكاته‌ی ئه‌و رۆژنامه‌یه له ئێستادا له‌لایه‌ن سندووقی ئه‌مه‌ریكی ئیماراتی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
فرۆشتنی كۆمه‌ڵه‌ی ته‌له‌گرافی به‌ریتانی كه یه‌كێكه له زۆرترین و به‌رفراوانترین كۆمه‌ڵه‌كان كاریگه‌ری به‌سه‌ر رۆژنامه‌وانی به‌ریتانی دروست كردووه و فرۆشتنی هه‌ردوو رۆژنامه‌ی "زه ته‌له‌گراف"ـی كۆنسێرڤاتۆری رۆژانه و گۆڤاری "سپێكته‌یتر" بووه‌ته هۆی نیگه‌رانی چینی سیاسه‌تمه‌مداری به‌ریتانی.
ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاران ترسیان له خاوه‌نداریه‌تیكردنی كۆمه‌ڵه‌كه هه‌یه له‌لایه‌ن بزنسمانێكی بیانی، به‌تایبه‌تی دوای كۆمه‌ڵه‌كه له حوزه‌یرانی ئه‌مساڵدا به‌هۆی نه‌دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی خانه‌واده‌ی باركلی كه له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2004ـوه خاوه‌نداریه‌تی ده‌كرێت، مایه‌پووچبوونی خۆی راگه‌یاند.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 22ـی تشرینی دووه‌می 2023) لووسی فرایزه‌ر، وه‌زیری رۆشنبیری به‌ریتانیا له به‌رده‌م په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته رایگه‌یاند، له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، بیر له ده‌ركردنی واده‌یه‌ك ده‌كاته‌وه بۆ ده‌ستوه‌ردان له‌و بابه‌ته. گوتیشی، ئه‌و پرسه له‌لایه‌ن ئۆفكۆم " Ofcom"ـوه كه لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره به رێكخستنه‌وه‌ی كاری میدیایی له به‌ریتانیا، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌باره‌یه‌وه ده‌كرێت.
وه‌زیری رۆشنبیری به‌ریتانیا پێی وابوو به‌شداریكردنی له‌و پرسه په‌یوه‌ندی به ئاسایشی میدیایی وڵاته‌كه‌یه‌وه هه‌یه و رایگه‌یاند، به‌هۆی په‌رۆشی و رژدبوونی له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه، نیوه‌ڕۆی سبه‌ی پێنجشه‌ممه ورده‌كاری له‌و باره‌یه‌وه راده‌گه‌یه‌نێت.
بانگی لۆیدزی به‌ریتانی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ پێشنیازی قه‌رزێكی خسته به‌رده‌م خانه‌واده‌ی باركلی كه خاوه‌نی رۆژنامه‌ی ته‌له‌گرافه به‌مه‌به‌ستی دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانی كه به‌هاكه‌ی نزیكه‌ی ملیارێك و 38 ملیۆن یۆرۆیه.