رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌ هەڵبژاردنی هۆڵەندا سه‌دا 66ـی تێپه‌ڕاند

K24 - هەولێر:

رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵه‌ندا لەسەدا 66ی تێپەڕاند.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵەندا وێستگەکانی دەنگدان بە رووی هاووڵاتییانی هۆڵه‌ندا بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان کرایەوە و پڕۆسەی دەنگدان تا کاتژمێر 11ی شەو بە کاتی هەولێر بەردەوام ده‌بێت.

بە گوێرەی ئامارەکان، رێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لەسەدا 66 زیاتر بوو، ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 نزیکەی لەسەدا 8 کەمیکردووە.

لە سەرانسەری هۆڵەندا نۆ هەزار و 823 بنکەی دەنگدان بەڕووی هاووڵاتیاندا کراوه‌ن، زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەبوو، هەزار و 128 کاندید لە 26 پارت و هاوپەیمانی جیاواز پێشبڕکێ بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانیان دەکرد.

دیلان یەشیلگۆز، سەرۆکی پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییە و ژنە کوردێکی باکووری کوردستانە، تەمەنی 46 ساڵە و لە دێرسیمی باکووری کوردستان لەدایکبووە. پێشبینی دەکرێت ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا.

دوای ئەوەی مارک رووتە سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا، کابینەکەی شکستیهێنا و لەسەر پرسی کۆچبەران نەگەیشتنە رێککەوتن. حکومەت لە 7ی تەمموزی ئەمساڵ هەڵوەشایەوە و بووە حکومەتی کاربەڕێکەر. مارک رووتە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی کرد، ئێستاش هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی هۆڵه‌ندا دەستیپێکردووە و هاووڵاتیان رژاونەتە سەر سندوقەکای دەنگدان.

ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان 150 کورسین 26 پارت و هاوپەیمانی پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسییەکانی پەرلەمان دەکەن. چوار پارت و هاوپەیمانی بەهێز ئەگەری بردنەوەیان زیادە، لەوانەش پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی بە سەرۆکایەتی دیلان یەشیلگۆز، پارتی دیموکرات 66 بە سەرۆکایەتی رۆب جێتن، هاوپەیمانی پارتی سەوز و کرێکاران بە سەرۆکایەتی فرانس تیمەرمان و پارتی ئازادی بە سەرۆکایەتی خێرت وێڵدەرس.

لە سەرانسەری هۆڵەندا 9823 بنکەی دەنگدان بەڕووی هاووڵاتیاندا کراونەتەوە، زیاتر لە 13 ملیۆن کەس لەو وڵاتە مافی دەنگدانیان هەیە، 1128 کاندیدیش لە 26 پارت و هاوپەیمانی جیاواز پێشبڕکێ بردنەوەی کورسی پەرلەمان دەکەن. هەر پارتێکیش بیەوێت زۆرینە بەدەست بهێنێت، دەبێت 76 کورسی بەدەست بهێنێت. بەڵام ئەوەش ئەستەمە و بۆ پێکهێنانی حکومەت دەبێت هاوپایمانی پێکبهێنرێت.

پێشتریش مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی هۆڵەندا لەرێی کوردستان24ـەوە ئاشکرایکردبوو، هیواخوازە (دیلان یەشیلگۆز) بەرەگەز کورد ببێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی هۆڵەندا.

دیلان یەشیلگۆز، خەڵکی باکووری کوردستانە و ساڵی 1977 لە شاری ئانکەرە لە دایکبووە و بەرەچەڵەک خەڵکی شاری دێرسیمە. دیلان منداڵ دەبێت ساڵی 1984 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچبەری هۆڵەندا بوون.

دیلان لە زانکۆی ئەمستەردام بڕوانامەی لە زانستی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەستهێناوە، هەر لە سەرەتای ژیانی سیاسییەوە پەیوەندی بە پارتی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسییەوە کردووە، کەسێکی چالاک بووە لەناو پارتەکەیدا. لەساڵی 2014 تا 2017 لەسەر لیستی پارتەکەی بە ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی ئەمستردام هەڵبژێردراوە، راوێژکاری لیژنەی ئاسایش بووە لە ئەنجوومەنی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری جێبەجێکاری شارەوانی ئامستەردام بووە، ئێستاش وەزیری دادی هۆڵەندایە.