پشدەر.. بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەناو مەڕوماڵات زیانی بە ئاژەڵداران گەیاندووە

K24 - پشدەر:
لەناو مەڕوماڵاتی ئاژەڵدارانی دەڤەری پشدەر نەخۆشی بڵاوبووەتەوە و بەھۆیەوە ئاژەڵداران زیانی ماددی زۆریان پێکەوتووە . ئاژەڵدارێک رایگەیاند، نەخۆشییەکە مەڕەکان بێھێز و لاواز دەکات، بەتایبەت مەڕی ئاوس ئەگەر تووشی نەخۆشییەکە ببێت، راستەوخۆ بەرخەكەی دەکوژێ و لەباری دەبات. بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕینیش رایدەگەیەنێت، ئەو نەخۆشییە بەوە دەناسرێتەوە کە برین دروست دەکات لەناو دەمی ئاژەڵەکە و، هەروەها لێوی ئاژەڵەکە ئەستوور دەبێت و قاچەکانیشی ئەستوور دەبێت و لە رۆشتنیان دەخات.
بڵاوبوونەوەی جۆرێک نەخۆشی بکوژ لەناو مەڕوماڵاتی دەڤەری پشدەر زیانی زۆری لە ئاژەڵداران داوە، ئەونەخۆشیە مەڕەکە بێ ھێزو لاواز دەکات و خواردنی بۆ ناخورێ، دەرزی و دەرمان ھیچ کاریگەری لەسەر باشبوونەوەی مەڕەکان نییە و گەورە و بچووک دەکوژێ.
محەمەد عەبدوڵڵا، ئاژەڵدار بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو نەخۆشییە تەنیا مەڕ تووشی دەبێت، لەکاتی تووشبوونیشیدا دەم و لێوی مەڕەکە بریندار دەکات، لە رۆشتنی دەخات، هەروەها ئەو مەڕانەی ئاوسیشن کە تووشی نەخۆشییەکە دەبن راستەوخۆ بەرخەکەی ناو سکیان لەباردەچێت.
ئەگەرچی تائێستا پشکنینی تاقیگەیی دەرینەخستووە ئاخۆ بەکتریا یان ڤایرۆس ھۆکاری نەخۆشیەکەیە، بەڵام پزیشکانی ڤێتێرنەری بەو نیشانانەی لەسەر ئاژەڵەکان دەردەکەون دەڵێن ڤایرۆسییە.
سەعدی تەیب: هەوڵدەدەین کۆنترۆڵی نەخۆشیەکە بکەین
لەناو مەڕوماڵاتی ئاژەڵدارانی دەڤەری پشدەر نەخۆشی بڵاوبووەتەوە و بەھۆیەوە ئاژەڵداران زیانی ماددی زۆریان پێکەوتووە، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین، رایدەگەیەنێت، هەوڵدەدەین کۆنترۆڵی نەخۆشیەکە بکەین بۆ ئەوەی بڵاونەبێتەوە
سەعدی تەیب، بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەم نەخۆشییە کە مەڕوماڵاتی ئاژەڵدارانی سنووری راپەڕینی گرتووەتەوە، بەهۆی ئەو کەیسانەشی کە ئاژەڵداران هێناوێتیان بۆ هۆبەکانی ڤێتەرنەری، زانیارییەکی سەرەتایی لەسەر نەخۆشییەکە بۆمان دەرکەوتووە ئەوەیە نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، ئەو نەخۆشییەش بەوە دەناسرێتەوە کە برین دروست دەکات لەناو دەمی ئاژەڵەکە و، هەروەها لێوی ئاژەڵەکە ئەستوور دەبێت و قاچەکانیشی ئەستوور دەبێت و لە رۆشتنیان دەخات.
هاوکات راشیگەیاند، ئەو نەخۆشیە بە ئاسانی لەنێو ئاژەڵەکان دەگوازرێتەوە، بەڵام نەخۆشیەکە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە، چارەسەریش بۆ نەخۆشییەکە لە ئێستادا ئێمە ئەنتی بایۆتیک دەدەین بە ئاژەڵەکان بۆ ئەوەی نەهیڵین لە دوای ئەوە نەخۆشییەکی بەکتریاش رووبدات، چونکە بەرگری یەکسەر دادەبەزێت، دەبێت دژە تایەک بەکاربهێنین، چونکە زۆر بە خێرایی تای ئاژەڵەکە بەرزدەبێتەوە، هەروەها بەهۆی بەرزی تایەکەش ئاژەڵەکان تووشی لەبارچوون دەبن. و بەچکەکەیان لەدەست دەبن.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین، ئاماژەی بەوەدا، تا رادەیەک نەخۆشییەکە بەرەو کەمبوونەوە چووە، ئێمە بەردەوام چاودێری دۆخەکەمان کردووە سەرەڕای ئەو داهاتە کەمەی کە لەبەر دەستمانە، پزیشکانی ڤێتەرنەری ئێمە بەردەوام لەگەڵ ئاژەڵداران لەسەر هێلن.
ناوبراو دەڵێت: ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین و تواناکانی خۆمان دەخەینەگەڕ نەک تەنیا ئەو نەخۆشیە بەڵکو رێگری لە هەموو نەخۆشییەک بکەین، ئەوەی لە ئێستا توانیومانە بیکەن دەرمانی دژە ڤایرۆسمان داوە بە خاوەن ئەو ئاژەڵانەی کە ئاژەڵەکانیان تووشی نەخۆشی بوونە.
گوتیشی: رێنماییەک بۆ ئاژەڵداران کە بەبێ چاودێری پزیشکانی ڤێتەرنەری نەچن لەخۆیانەوە دەرمان بۆ ئاژەڵەکانیان بەکاربێنن، چونکە هەندێک لە ئاژەڵداران هەستابوون بە ئارەزووی خۆیان ڤاکسینیان بۆ چارەسەری ئەو نەخۆشییە بۆ ئاژەڵەکانیان بەکارهێنابوو، بەبێ رێنمایی و ئاگاداری پزیشکی ڤێتەرنەری، ئەمەش وایکرد ئاژەڵەکانیان زیاتر بەرگری لەشیان دابەزێت و هەندێکیشیان لێ مردار بووەتەوە.
سەعدی تەیب، روونیکردەوە، ئەوەی بە ئەرکی خۆمان زانیوە پێدانی رێنماییە بە ئاژەڵداران و هەروەها دابینکردنی دەرمانی دژە ڤایرۆس بەخۆڕایی بۆ ئاژەڵداران، بەپێی ئەو داهاتەنی لەبەر دەستیانە ئامادەن هاوکاری ئاژەڵداران بکەن و دەرمان بۆ ئاژەڵەکانیان دابین بکەن.
بەڕێوەبەری ڤێتەرنەری راپەڕین، باسی لەوەشکرد؛ هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی نەخۆشیەکە بکەن، هەروەها ئەم نەخۆشییە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما کەمتر دەبێتەوە.