شه‌پۆلێكی لێزمه ‌باران هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

بارانبارین
بارانبارین

K24 – هەولێر:

پسپۆڕی پێشبینییه‌كانی كه‌شناسی، كه‌شوهه‌وای چاوه‌ڕوانكراوی سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان لێزمه‌ باران ده‌بارێت.

ئەمڕۆ هەینی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) سادق عه‌تییه‌، پسپۆڕی پێشبینییه‌كانی كه‌شناسی ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ و دووشه‌ممه‌ی هه‌فته‌ی داهاتوو لێزمە باران هه‌ولێر، باكووری نه‌ینه‌وا، دهۆك و سلێمانی ده‌گرێته‌وه‌و ره‌نگه‌ شه‌پۆله‌كه‌ بۆ‌ كه‌ركووك، دیاله‌ و سه‌لاحه‌دینیش درێژببێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان24ـی راگەیاندبوو، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان کردووە و ساڵانی داهاتووش ئەو گۆڕانکارییانە بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، ئەوەشی خستبووەڕوو، هۆکاری ئەو بارانە بەخووڕانەی ئەمساڵ بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە لە سەرتاسەری جیهان، هەرێمی کوردستانیش بەدەر نییە لەو گۆڕانکاریانە، بۆ ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتووش ئەم رەوشەی کەشوهەوا بەم شێوەیە دەبێت، یەکێک لەو راسپاردانەی رێکخراوە کەشناسیە جیهانەکان دەڵێن دەبێت مرۆڤ خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ئەو گۆڕانانەی کەشوهەوا.

گوتیشی: وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دڵخۆشکەر دەبێت، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت دیاردەی نینۆ زاڵ بێت لەسەر ناوچەکە، لە هەر ساڵێکیش دیاردەی نینۆ زاڵ بێت بۆ ناوچەکانی ئێمە دڵخۆشکەر دەبێت و رێژەی دابارین زیاتر دەبێت.

Fly Erbil Advertisment