هێڵی پەیوەندی نێودەوڵەتیی کۆڕەک تیلیکۆم کاراکرایەوە

کۆڕەک تیلیکۆم
کۆڕەک تیلیکۆم

K24 - هەولێر

کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەڵێت، ئێستا هێڵی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی کۆمپانیاکە کارایە و کێشەکەیان لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق چارەسەرکردووە.

دوای ئەوەی بە بڕیاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، هێڵی پەیوەندیی نێودەوڵەتیی کۆڕەک تیلیکۆم راگیرابوو، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 25-11-2023، سەرچاوەیەک لە کۆمپانیانی کۆڕەک تیلیکۆم بە کوردستان24ـی راگەیاند، دوای گفتوگۆیەکی چڕ و خێرا لەگەڵ دەستە راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، توانییان کێشەکە چارەسەر بکەن و ئێستا هێڵی پەیوەندیی نێودەوڵەتی کارایە.

دوای ئەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی نێوان کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق، لیژنەکە لەگەڵ هەردوو کۆمپانیایی کۆڕەک و دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا کۆڕەک تیلیکۆم، هەموو قەرزەکانی بداتەوە کە 800 ملیۆن دۆلارە. لەلایەن خۆیەوە کۆمپانیاکە پابەندبوونی خۆی بەو بڕیارە دووپاتکردەوە و داواشیکرد، هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ هێڵەکانی ئاسیا سێل و زەین ئاسایی بکرێنەوە.

لە 30/8/2023 دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی مۆڵەتی کۆمپانیایی کۆڕەک تیلیکۆم بۆ ماوەیەک، دوای تەواو بوونی مۆڵەتی کۆمپانیاکە، راگەیاندنی هێڵی پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق، داوای لە هەموو هاوبەشانی کۆڕەک تیلیکۆم کرد، بەهیچ شێوەیەک، سیمکارتی کۆڕەک نەکڕن و نەفرۆشن. 


لاڤین عومه‌ر

Fly Erbil Advertisment