ژمارەی سواڵکەر لە بەغدا و پارێزگاکانی عێراق زیادی کردووە

K24 - هەولێر:
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکردووه، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی سواڵکەران لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەستپێکردووە، کە ژمارەیان زیادیکردووە، هاوکات 25 کەسیان بە تۆمەتی قۆرخکردنی دۆلار و بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە ماوەی مانگێکدا دەستگیرکردووە.
ئەمرۆ شەممە ( 25ـی تشرینی دوووەمی 2023) بەرێوەبەری ئۆپەراسیۆنی تاوانە رێکخراوەکان لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی تاوانی رێكخراو لە رەسافە و کەرخی بەغدا، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی پارێزگاکان، دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە بۆ دەستگیرکردنی سواڵکەرەکان.
ئەو بەرپرسە ئەمنییەی فیدراڵ ئاشکرایکردووە، زۆر بە وردی و جددی لەلایەن بریکاری کاروباری هەواڵگری و لێکۆڵینەوە، چاودێری دیاردەی سوڵکردن دەکەن، کە لەو ماوەیەی دوایی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق زیادیانكردووه .
بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنی تاوانە رێکخراوەکان لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ تیشکی خستەسەر قۆرخکارانی دۆلار لە عێراق و گوتی: لە ماوەی مانگی رابردوودا 25 کەسیان لە قۆرخکارانی دۆلار و لەگەڵ ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن، دەستگیرکردووە.
کارزان حەیدەر