نۆ  هاووڵاتی سڤیل بەهۆی هێرشەکانی سووریا لە باکووری رۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ کوژران

K24-هەولێر

روانگەی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگەیاند، نۆ کەس کە شەشیان منداڵن، بەهۆی بۆردوومانێکی هێزەکانی سووریا لە باخێكی زەیتون لە باکووری رۆژئاوای ئه‌و وڵاته‌ کوژران.

ئەمڕۆ شەممە (25ـی تشرینی دووەمی 2023) ، روانگەی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لەکاتی رنینەوەی زەیتون لە گوندی قەوقەفین لە گوندی ئیدلبی باشوور، لە بۆردومانێکی سوپای سووریا ، نۆ هاووڵاتی سڤیل کوژران، کە ژنێک و شەش منداڵی تێدایە و ژماره‌یه‌كی دیکەش برینداربوون.

له‌ماوه‌ی رابردوودا هێزەکانی سووریا هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکە چڕکردۆتەوە، بەتایبەت بۆردومانكردنی كۆلێژی سه‌ربازی حمس  له‌ رێگه‌ی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانه‌وه‌، كه‌ زیاتر لە 100 کوژراوی لێکەوتەوە ، ئەوەش یەک لە هێرشە هەرە خوێناوییەکان بوو لەوەتەی ناکۆکییەکان لە ساڵی 2011  دەستی پێکردووە.

پێشتر كۆمیسیاری باڵای مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگه‌یاندبوو، ژمارەی پشتڕاستكراوی كوژراوەكانی سووریا بە هۆی شەڕی ناوخۆیی ئه‌و وڵاته‌ نزیكەی 350 هەزار كەسە و تاكو ئێستاش پێنج ملیۆن كه‌س له‌و وڵاته‌ به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆوه‌ ئاواره‌ بوونه‌.

کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment