سوودانی دەستلەکارکێشانەوەی نەجم جبووری پەسند کرد

K24 – هەولێر
محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەستلەکارکێشانەوەی نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوای پەسند کرد.
سیروان رۆژبەیانی جێگری پارێزگاری نەینەوا بە کوردستان24ی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوای پەسند کرد، هاوکات عەبدولقادر دەخیلی راسپارد بە وەکالەت پۆستی پارێزگاری نەینەوا بەڕێوەببات.
نەجم جبووری پارێزگاری نەینەوا، نامەی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە پۆستەکەی پێشکەش بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو، داوای لێکردبوو کە قبووڵی بکات و کەسێکی دیکە رابسپێرێت بۆ بەڕێوەبردنی پۆستەکە لە شوێنی ئەو.
بەگوێرەی نامەکەی کە ئاراستەی سوودانی کراوە، جبووری دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی تەواونەکردنی رێکارەکان بەپێی یاسای دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ "پرسیار و دادپەروەری" بەهۆی دەنگنەدانی ئەنجومەنی نوێنەران بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (23583)ی ساڵی 2023، و بە پابەندبوون بە یاسا و دەستوور، دەستلەکارکێشانەوەی خۆم لە ئەرکەکانی پۆستی پارێزگاری نەینەوا پێشکەش دەکەم.
نەجم جبووری کێیە؟
نەجم عەبدوڵڵا ئەلجبوری، لە 28 تشرینی یەکەمی ساڵی 1956، لە ناحیەی گیارەی سەر بەپارێزگای نەینەوا لە دایکبووە، لە خێزانێکی سوننە مەزهەبە و لە هۆزی گەورەی ئەلجبورییە.
جبووری لە بەغدا خوێندنی تەواوکردووە و دواتر لە ساڵی 1976 چووەتە کۆلێژی سەربازی و لە ساڵی 1979 بە پلەی مولازم (بەرگری ئاسمانی) دەرچووە.