مەکسیک.. لەسەر کێشەی زەوی و زار نۆ کەس کوژران

K24 - هەولێر
بەپێی ئامارەکانی نووسینگەی داواکاری گشتی لە ویلایەتی واهاکا لە مەکسیک، بەهۆی تەقەکردن لە بارهەڵگرێکی بچوک نۆ کەس کوژران. کە ئەگەری هەیە رووداوەکە بەهۆی کێشەی زەوی و زارەوە بێت.
لە راگەیەندراوێکی داواکاری گشتیدا هاتووە، چەکدارەکان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ کردووە، کە خەڵکی لە شارەوانی سانتیاگۆ میتلانتۆگۆوە دەگواستەوە بۆ شارۆچکەی نۆچیستلان.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆی تەقەکردنەکەوە نۆ کەس کوژراون، هەروەها سێ ژن و پیاوێکیش برینداربوون و گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، کار لەسەر ناسینەوەی تەقەکەرەکان دەکرێت، دەشڵێت، "پێکدادانی نێوان کۆمەڵگاکان هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکەن بە پێچەوانەوە، دەبێتە هۆی تاڵی."
لەم هەفتەیەدا ئەمە دووەمجارە، کە ویلایەتی واهاکا بەهۆی کێشەکانی زەوی و زار رووبەرووی هێرش دەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، دوای تەقەکردن لە نێوان دانیشتوانی شاری سان میگێل ئێل گراندە و لانۆ دی گوادالوپ، پێنج کەس کوژران کە دوو پۆلیس و دوو بەرپرسی شارەوانی بوون.
ململانێکان لەسەر خاوەندارێتی زەوییە کشتوکاڵییەکان کێشەیەکی درێژخایەن بووە لە مەکسیک، کە دەیان ساڵە بەدەستیەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری وڵاتەکەدا، کە دانیشتوانی رەسەنی ئەو وكاتەی تێدا نیشتەجێن.