شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت

K24 – هەولێر

شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت، بڕیارە لەبارەی پرسی مووچە و هەموارکردنەوەی یاساکانی بودجە و نەوت و غاز، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 27/11/2023 شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران بەرەو شاری بەغد بەڕێکەوتن".                                                                   

وەزارەتی دارایی راشیگەیاندووە: "بڕیارە شاندەکە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە، پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە گرنگترین تەوەرەکانی کۆبونەوەکە دەبن".

ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاندبوو: "گفتوگۆمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، زیاتر لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئێمە لەژێر رێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت هەوڵدەدەین شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین".

سەبارەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، گوتی: "بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو، سەردانی بەغدا بکەین و کۆبوونەوەیەکی دیکە لەو بارەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی بکەین".