یۆئاڤ گالانت: دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست هێرش دەکەینە سەر تەواوی کەرتی غەززە

یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل
یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل

K24 – هەولێر:

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، رایدەگەیەنێت دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی مرۆیی، هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە توندتر و بەدرێژایی هەموو ناوچەکە دەبێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) رۆژنامەی هارێتز، بڵاویکردەوە، یۆئاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل سەربازانی وڵاتەکەی لە کەرتی غەززە بەسەرکردەوە، کە سوپای ئیسرائیل بەشێکی غەززەی داگیرکردووە و گەمارۆی سەری توند کردووە و بە هێرشەکانی کاولکاری تێدا زیاتر کردووە.

گالانت، گوتی: دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستی مرۆیی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل توندتر و بەدرێژایی هەموو کەرتی غەززە دەبێت.

گوتیشی: "هەتاوەکو کارەکەمان لە کەرتی غەززە تەواو نەبێت وازناهێنین".

ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) بە نێوەندگیری قەتەر ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە، هەروەها بزووتنەوەی حەماس درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە پشتڕاست دەکاتەوە.

مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکس لە پۆستێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، دەوڵەتی قەتەر لە چوارچێوەی ئەو نێوەندگیرییە بەردەوامەدا، رێککەوتنێکی کردووە لەگەڵ ئیسرائیل و حەماس بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە لە کەرتی غەززە.

ئەمەش لە کاتێکدابوو کە ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە ناو رۆژی چوارەمەوە، کە کۆتا رۆژی ئاگربەسەتەکەیە، بەهۆیەوە دەیان بارمتە و دیل ئازاد کران و ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگری هاوکارییە مرۆییەکانیش رەوانەی کەرتی غەززە کران.

بزووتنەوەی حەماس شەوی یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدابوو، هەوڵدەدات دوای کۆتاییهاتنی ماوەی چوار رۆژەکە، ئاگربەستەکە درێژبکاتەوە بە ئامانجی زیاتر ئازادکردنی ژمارەی دەستگیرکراوەکان، وەک لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا هاتووە.

رێککەوتنەکە لە رێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە، بە بەشداریی ئەمەریکا و میسر، رۆژی هەینی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەو رێککەوتنەدا بڕیاری ئاگربەستی چوار رۆژە راگەیەندرا، کە لەو ماوەیەدا پەنجا بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانی فەڵەستینی لەگەڵ هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

Fly Erbil Advertisment