مەنسور نورەدین: بە چوونی مامۆستایان بۆ بەغدا کێشەکان چارەسەر نابن

مەنسور نورەدین، مامۆستای زانکۆ
مەنسور نورەدین، مامۆستای زانکۆ

K24 – هەولێر:

بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی چوونە بەغدا و حکومەتی عیراق رێگەی نەدا خۆپیشاندان بکەن، لە هەولێریش سێ مانگە قوتابییان و مامۆستایان لە دەوامی خۆیان بەردەوامن، مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێت: بە چوونی مامۆستایان بۆ بەغدا کێشەکان چارەسەر نابن.

ئیبراهیم بیلال، قوتابی بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێویستە قوتابی هەوڵی ئەوە بدات دەوامەکەی بەباشترین شێوە بەڕێوەبچێت و خوێندنەکەی نەفەوتێت، ئەگەر مامۆستایانیش دەوام نەکەن، قوتابییان زەرەرمەند دەبن.

مەنسور نورەدین، مامۆستای زانکۆ بە کوردستان24ـی گوت: "بەدواداچوون بۆ پرسی قوت و موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران یەکێکە لە ئەرکەکانی شاندی هەرێم کە سەردانی بەغدا دەکەن، بە چوونی مامۆستایانیش بۆ بەغدا کێشەکان چارەسەر نابن".

بەشێک لە مامۆستایانی ناڕازی بۆ داواکارییەکانیان چووبوونە بەغدا و لەوێ نە وەڵامیان دەستکەوت و نە حکومەتی عیراقیش مۆڵەتی خۆپیشاندانی پێدان، بەشێک لە مامۆستایانیش لە بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی رێگریان لێکرا بچن بۆ بەغدا.

رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) مەریوان قەرەنی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی رێگریکردن لە مامۆستایانی سلێمانی لە بازگەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەوەدابوو، كە رێگەگرتن لەو خۆپیشاندانە سیاسییەی هەندێك كەس لە پەنای داخوازییەكانی مامۆستایانی سلێمانییەوە دەیانویست لە بەغدا بیكەن، پەیوەندیی بە بڕیاری راستەوخۆی حكومەتی فیدڕاڵییەوە هەیە و پەیوەندیی بە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە نییە. گوتیشی: بەغداش بۆی روون بووەتەوە كە ئەو جۆرە خۆپیشاندانانە سیاسین و هیچ سوودێكیان نە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و نە بۆ خەڵكی هیچ شوێنێكی عێراق هەیە، بۆیە رێگەی نەداوە مامۆستاكان بە بازگەكانی ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدڕاڵیدا تێپەڕ ببن".