حکومەتی نوێی نیوزلەندا دەیەوێت یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشان هەڵوەشێنێتەوە

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی نوێی نیوزلەندا، لە پلانیدایە یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشان هەڵوەشێنێتەوە، ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و پزیشکانی وڵاتەکە هۆشداری دەدەن و دەڵێن: "ئەگەر یاساکە هەڵوەشێنرێتەوە ژیانی خەڵکی دەکەوێتە مەترسییەوە و تەندروستی گشتی وڵاتەکەیان وێران دەبێت".

کریستۆفەر لەکسۆن، سەرۆکوەزیرانی نوێی نیوزلەندا، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونی لە پلانیدایە یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشان هەڵوەشێنێتەوە، و دەڵێت: "لەڕێگەی پەروەردە و رێکاری دیکەوە رێژەی جگەرەکێشان کەمدەکەینەوە نەوەک بەم یاسایە". ئەوەش کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە و پزیشکانی وڵاتەکە هۆشداری دەدەن و دەڵێن: "ئەگەر یاساکە هەڵوەشێنرێتەوە ژیانی خەڵکی دەکەوێتە مەترسییەوە و تەندروستی گشتی وڵاتەکەیان وێران دەبێت"

یاسای قەدەغەکردنی جگەرەکێشان لە ساڵی 2022 لەلایەن جەسێندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی پێشووی نیوزلەندا دەرکرا، یاساکەش وەک دەستپێشخەرییەکە و هانی وڵاتانی جیهان دەدات یاسای هاوشێوە دەربکەن. یاساکەش بەم شێوەیە، بە هیچ شێوەیەک جگەرە بەو کەسانە نافرۆشرێت، کە لە مانگی کانوونی دووەمی 2009ـەوە لەدایکبوون، فشار دەخاتە سەر کۆمپانیاکان تاوەکو رێژەی بەرهەمهێنانی نیکۆتین کەمبکەنەوە. هەر بە گوێرەی یاساکەش، کۆگاکانی جگەرە لە نیوزلەندا لە 6 هەزارەوە بۆ 600 کۆگا کەمدەکرێنەوە.  بە جێبەجێکردنی ئەم یاسایە هەزاران کەس لە توشبوون بەو نەخۆشییانە دەپارێزرێن کە بەهۆی جگەرە کێشانەوە تووشی هاووڵاتییان دەبێت. بە ملیاران دۆلاریش بۆ سیستەمی تەندروستی دەگەڕێتەوە. 

بڕیاریبوو ئەم یاسایە لە مانگی تەمموزی 2024 جێبەجێبکرێت، بەڵام حکومەتی ئێستا دژی ئەو یاسایەیە. هاوشێوەی حکومەتی پێشووی نیوزلەندا. ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا مانگی رابردوو لە کۆنفرانسی پارتی پارێزگاران پێشنیازی کردووە کار لەسەر یاسایەک بۆ قەدەغەکردنی جگەرەکێشان بکرێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سەرانسەری جیهان ملیارێک و 300 ملیۆن کەس جگەرەکێشن، ساڵانەش 7 ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیانلەدەست دەدەن، ئەگەر رێگری لێ نەکرێت پێشبینی دەکرێت تاوەکو ساڵی 2030 ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی جگەرەکێشانەوە گیانلەدەست دەدەن بۆ 8 ملیۆن کەس بەرزدەبێتەوە.

Fly Erbil Advertisment