مه‌سرور بارزانی: هەمەچەشنكردنی ئابووری و پشتیوانیکردنی جووتیاران، ئەو بەڵێنانەن کە جێبەجێیان دەکەین

K24 - هەولێر:

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، هەمەچەشنكردنی ئابووری و پشتیوانیکردنی جووتیاران، ئەو بەڵێنانەن کە جێبەجێیان دەکەین.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك نووسیوویه‌تی: "هەمەچەشنكردنی ئابووری و پشتیوانیکردنی جووتیاران و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، ئەو بەڵێنانەن کە جێبەجێیان دەکەین".

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی نووسیوویه‌تی: "هەنگوین بەشێکی گرنگی بەرهەمی نیشتمانیمانە، خۆشحاڵم کە لە ئەمڕۆوە، هەنگوینی بەچێژ وکوالێتی بەرزی کوردستان لە بازاڕەکانی دەوڵەتی قەتەڕ بەردەستە و زیاتر لە دوو تەن هەنگوین بە سەرکەوتوویی لە ڕێگەی ئاسمانییەوە هەناردە کرا".

سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زیاتر لە 200 هەنگەوان بەشدارن لە هەڵمەتی هەناردەکردنی هەنگوین".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، حکومەتی هەرێم کار بۆ دۆزینەوەی بازاڕی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و تا ئێستا پتر لە تەنێک هەنگوین فرۆشراوە.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 29ـی تشرینی دووه‌می 2023) بڵاویكرده‌وه‌، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی جووتیاران و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، ئەمڕۆ چوارشەممە 11/29، دوو تەن هەنگوینی کوالیتی بەرزی کوردستان لە ڕێگەی ئاسمانییەوە گەیشتە دەوڵەتی قەتەڕ.

تا ئێستا تەنێک هەنگوین بە بازاڕە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق فرۆشراوە کە مانگی داهاتوو لە بازاڕەکان بەردەست دەبێت و ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێکی باشی هەنگەوانانی کوردستان.

ئەم هەوڵە بە سەرپەرشتیى راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران و کەرتی تایبەت ئەنجامدرا، کە زیاتر لە 200 هەنگەوان تێیدا بەشدارن و نزیکەی 100 هەلی کار دەرەخسێنێت. هەروەها پەیوەندیی نوێ لەگەڵ فرۆشیار و بازاڕەکانی قەتەڕ و وڵاتانی دیکەی کەنداو بە گشتی دروست دەکات. هەنگوینەکەش هی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانە.

ئەم دەستپێشخەرییەی کەرتی تایبەت بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە بنەمایەک بۆ هەناردەکردنی زیاتر و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداودا.

Fly Erbil Advertisment